ئیسرائیل هێرشی کردە سەر رۆژهەڵاتی لوبنان؛ پێنج کەس کوژران

08-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، لانیکەم پێنج کەس کوژراون. 
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هێرشەکانی ئیسرائیلی دووژمن بۆسەر بیقاع و ناوچەکانی دەووروبەری هێرمڵ، پێنج کوژراو و پێنج برینداری لێکەوتەوە." 
 
ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووە ئاگربەستی لەگەڵ حیزبوڵڵا راگەیاندووە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان بەردەوامن.
 
هێرشەکانی ئەم دووشەممەیە دوای ئەوە هات کە حکومەتی لوبنان هەفتەی رابردوو رایگەیاند، سوپاکەی پلانی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا جێبەجێ دەکات، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی پلانەکە ئاشکرا نەکرد. 
 
سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی گوتی، چەندین "ئامانجی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی حیزبوڵڵا"ـی لە دۆڵی بیقاع وێران کردووە، لەوانەش ئەو شوێنانەی کە بە گوتەی ئەوان "بارەگاکانی مەشقکردنی هێزی رەزوان"ـی ئەو گرووپە بوون.
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، حیزبوڵڵا چالاکی و چەکی لەو شوێنە هەبووە و ئەوەش، "پێشێلکردنێکی ئاشکرای رێککەتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە".
 
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی لوبنان رایگەیاند، لانیکەم حەوت کەس لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراون. 
 
لە ئابی ئەمساڵدا، حکومەتی لوبنان فەرمانی بە سوپا کرد کە پلانی چەکدانانی حیزبوڵڵا دابنێت، ئەوەش لەژێر گوشاری ئەمریکا و مەترسی زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بوو. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە