رووداو - هەولێر
سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە بڕگەی تێشت لە نووڕۆژی دۆستان رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا رێککەوتن لەسەر پاراستنی سنوورکراوە نەک ناوچەی ئارام، ئەوان دەیانەوێت 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بێنە نێو خاکی سووریا.
ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن لەگەڵ نامۆ عەبدوڵڵا بەشداری بڕگەی تێشت لە نووڕۆژی دۆستانی تەلەڤزیۆنی رووداو کرد و باسی ئەو رێککەوتنەی کرد کە لەنێوان ئەوان و تورکیا کراوە و دەڵێت: لە بنەڕەتدا ئەوە رێککەوتنی پاراستنی سنوورە، نەک ناوچەی ئارام.
سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئەوان لەسەر بنەمای کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە بە پێنج کیلۆمەتر رێککەوتوون، هەروەها چەکە قورسەکانیشیان 20 کیلۆمەتر دووربێت، بەڵام تورکیا بەوە رازی نییە و داوای 30 بۆ 40 کیلۆمەتر کشانەوەی یەپەگە دەکات.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات، شەڕڤانانی هەسەدە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش بەردەوامە و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پاڵپشتی هاوپەیمانان هەوڵی پاککردنەوە و نەهێشتنی شانە نووستووەکانی داعش دەدەن.
ئیلهام ئەحمەد هەروەها جەختی لەوەکردەوە، هەڕەشەکانی تورکیا دەرفەتێکی بۆ شانە نووستووەکانی داعش دروستکردووە و چاوەڕێدەکەن لە کاتی گونجاو چالاکییەکانیان فراوانتربکەن.
ئیلهام ئەحمەد خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و دەڵێت، خۆشترین شت لە بەیانیاندا زەیتوونی عەفرینە، بەڵام بەداخەوە ئێستا دارەکان نەماون و ''چەتەکان'' سووتاندیان. سەبارەت بە کاتە بەتاڵەکانی خۆیشی دەڵێت، لە کاتە بەتاڵەکاندا دەخوێنمەوە و خەڵکی دەبینم و چاودێری رەوشی سیاسیش دەکەم.
لەبارەی دۆخی ژیانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، ئیلهام ئەحمەد پێیوایە، داعش هێشتا لە ناو ناوچانە هەن کە خەڵکی رۆژئاوا ژیانی تێدا دەبەنەسەر. "چونکە داعش ماوە ماوە چالاکییان هەیە و خۆشیان رێکدەخەنەوە. بەتایبەتی دوای ئەوەی تورکیا هەڕەشەکانی خۆی لەسەر رۆژئاوای زیادکرد. داعشیش ئەوە بە دەرفەت دەزانێت و پلانی خۆیان بۆ هێرشکردن دادەنێن. لەبەرئەوە شەڕڤانانی هەسەدە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش بەردەوامە".
سەبارەت بە ناوچەی ئارام لە سووریا دەڵێت ئیلهام ئەحمەد دەڵێت "دەوڵەتی تورکیا بەوە رازیی نییە و دەیەوێت 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بێتە نێو خاكی رۆژئاوای کوردستان. ئەردۆغان دەیەوێت شەڕێکی نوێ لەگەڵ ئێمە هەڵبگیرسێنێت و خەڵکی ئێمە کۆمەڵکوژبکات. هەروەک چۆن زیانی بە خەڵکی عەفرین گەیاند، ئێستا خەڵکی عەفرین هەریەکەیان و لە شوێنێکن و خەڵکی عەرەب لە شوێنەکانی ئەوان نیشتەجێکراون. هەر لەبەرئەوە ئەردۆغان دەیەوێت ئەوەی لە عەفرین کرا لە رۆژهەڵاتی فوارتیش هەمان کاربکات".
بەگوتەی ئیلهام ئەحمەد، ئەمریکا دەزانێت ئەوان چییان دەوێت و رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا چۆنە، دەشڵێت "نامانەوێت شەڕ لەگەڵ تورکیا بکەین و دەمانەوێت بە رێگەی گفتوگۆ کێشەکانمان چارەسەربکەین. چونکە ئێمە دەزانین گفتوگۆ بکەین، دواتر با بزانین ئێمە شەڕمان دەوێت یان تورکیا".
سەبارەت بەدوا سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەمریکا و کۆنەبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، ئیلهام ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات "تەنیا یەک بابەت هەبوو کە ئەردۆغان و ترەمپ قسەی لەسەر بکەن، ئەویش مژاری سووریا بوو. بەڵام ئەوەش نەبوو، چونکە کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا، لەبەرئەوە یان دەبێت ئەردۆغان ئەو چارەسەرییە قبووڵ بکات کە وەک رێککەوتن لەنێوانماندا هەیە، یان نابێت ئەو دۆخە تێکبدات".
لەبارەی دروستبوونی حیزبی نوێ لە تورکیا و بەهێزبوونی جەهەپە لە تورکیا، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت "ئەگەر بێت و ئەو حیزبانەی تازە لە تورکیا دروستدەبن، سیاسەتێکی جیاوازتریان لەوەی ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێت هەبێت، بۆ بەرژەوەندی کورد و هەموو تورکیاش باشە. چونکە ئەوانەی دەسبەسەردەکرێن و لە زینداندان تەنیا کورد نین و تورکیشیان تێدانە. لەبەرئەوە ئەو حیزبانە دەبێت باش خۆیان ئامادە بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ