پزیشکانی بێسنوور: ئیسرائیل لە غەززە ئاو وەک چەک بەکاردەهێنێت

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور هۆشداری دا کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیک خەڵکی غەززە لەو ئاوە بێبەش دەکەن کە بۆ مانەوەیان پێویستە و ئەم کارەی وەک هەڵمەتێکی "سزای بەکۆمەڵ" دژی فەڵەستینییەکان سەرکۆنە کرد.
 
رۆژی سێشەممە، 28ی نیسانی 2026، رێکخراوەکە راپۆرتێکەی بە ناوی "ئاو وەک چەک" بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "وێرانکردنی بەرفراوانی ژێرخانی ئاوی غەززە لەگەڵ رێگریکردن دەست راگەیشتن بە ئاو، بەشێکی سەرەکییە لە جینۆساید کە ئیسرائیل دەیکات". 
 
بەپێی راپۆرتەکە کە پشت بەو شایەتحاڵ و داتایانە دەبەستێت کە لە ساڵانی 2024 و 2025دا کۆکراونەتەوە، ئەم "کەمبوونەوەی بە ئەنقەستی ئاو" هاوشانی کوشتنی راستەوخۆی مەدەنییەکان، وێرانکردنی ناوەندە تەندروستییەکان و تێکدانی ماڵەکان دەکرێت.
 
کلێر سان فیلیپۆ، بەڕێوەبەری باری نائاسایی لە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەزانن کە بێ ئاو، ژیان کۆتایی دێت، کەچی بە ئەنقەست و بە شێوەیەکی سیستماتیک ژێرخانی ئاویان لە غەززە لەناوبردووە و  بەردەوام رێگری لە چوونە ناوەوەی پێداویستییەکانی تایبەت بە ئاو دەکەن."
 
سەرەڕای هەبوونی ئاگربەستێک لە تشرینی یەکەمەوە کە تا رادەیەکی زۆر جەنگی غەززەی راگرت، بەڵام ناوچەکە هێشتا لە ناو پێکدادان و تووندوتیژیی رۆژانەدایە و سوپای ئیسرائیل و حەماس یەکدی بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.
 
راپۆرتەکەی پزیشکانی بێسنوور ئاماژەی بە داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتیی ئەورووپا و بانکی جیهانی کردووە کە نیشانی دەدەن ئیسرائیل نزیکەی 90٪ی ژێرخانی ئاو و ئاوەڕۆی لە غەززە وێران کردوە یان زیانی پێ گەیاندوە؛ تێیدا هاتووە: "وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو، بیرەکان، بۆرییەکان و سیستمەکانی ئاوەڕۆ پەکخراون یان ناگەنە دەست خەڵک."
 
رێکخراوەکە چەندین بەڵگەنامەی تۆمار کردووە کە تێیدا تەقە لە تەنکەرەکانی ئاو و ئەو بیرانە کراوە کە لۆگۆی رێکخراوەکەیان پێوە بووە. سان فیلیپۆ دەڵێت: "فەڵەستینییەکان تەنیا لەبەر هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی ئاو، بریندار کراون و کوژراون."
 
پزیشکانی بێسنوور رایگەیاندوە، ئەوان گەورەترین بەرهەمهێنەر و دابەشکاری سەرەکیی ئاوی خواردنەووەن لە غەززە. مانگی رابردوو رۆژانە زیاتر لە 5.3 ملیۆن لیتر ئاویان دابین کردووە، کە پێداویستیی زیاتر لە 407 هەزار کەس (پێنجیەکی دانیشتووانی غەززە) دابین دەکات. بەڵام فەرمانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ راگواستنی خەڵک، تیمەکانیانی لەو ناوچانە بێبەش کردووە کە پێشتر ئاویان بۆ سەدان هەزار کەس دابین دەکرد.
 
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاندووە، سێیەکی داواکارییەکانیان بۆ هێنانی پێداویستییە گرنگەکانی ئاو و پاککردنەوە، لەوانە وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو، پەمپ، دەبەی ئاو و کلۆر، لە لایەن ئیسرائیلەوە رەتکراونەتەوە یان بێ وەڵام ماونەتەوە. 
 
سان فیلیپۆ هۆشداری دا کە بێبەشکردن لە ئاو لەگەڵ بارودۆخی سەختی ژیان و داڕمانی سیستەمی تەندروستی، "گەردەلوولێکی بێوێنە" بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان دروست دەکات.
 
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور داوا لە ئیسرائیل دەکات "دەستبەجێ ئاو بۆ خەڵکی غەززە دابین بکاتەوە" و داواش لە هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل دەکات گوشار بەکاربهێنن تاوەکو تەلئەڤیڤ رێگری لە هاوکارییە مرۆییەکان نەکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل. وێنە: Reuters

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا: یاری بە ئاگر دەکەیت

ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دا، "سەرپێچییەکانی حیزبوڵڵا" لێکەوتەی کارەساتباری بۆ لوبنان دەبێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا پێشنیازی دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتی رەتکردەوە.