رووداو دیجیتاڵ
کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس کە بڕیارە لە مانگی ئایارەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، گومانی زۆری لەسەر داهاتووی ئەو رێکخراوە دروستکردووە کە سعودیە سەرکردایەتی دەکات. ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوەکە چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری خۆی لەدەستدا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو رکابەرەی کەنداویش زیاتر روو لە گرژین.
هەرچەندە ئیمارات یەکەم وڵات نییە لە ئۆپێک بکشێتەوە، بەڵام گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە کە تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارەی دابێت. ئەم هەنگاوە گورزێکی کوشندەیە بۆ هەژموونی گرووپەکە و توانای لە دیاریکردنی نرخ و بەرەنگاربوونەوەی شۆکەکان.
رۆڵی ئیمارات لە ئۆپێکدا چی بوو؟
پێش ئەوەی گەمارۆی تەنگەی هورمز لایەن ئێرانەوە جووڵەی نەوت پەکبخات، ئیمارات چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێک پڵەس بوو و 13٪ـی تەواوی بەرهەمهێنانی ئۆپێکی پێکدەهێنا. هەرچەندە پێشتر وڵاتانی وەک قەتەر و ئەنگۆلا لە گرووپەکە کشاونەتەوە، بەڵام لەدەستدانی ئیمارات بە زیانێکی گەورە بۆ ئۆپێک دادەندرێت؛ چونکە لە مانگی شوباتدا رۆژانە 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و سەرمایەیەکی سەرەکیی رێکخراوەکە بوو.
بۆچی ئیمارات کشایەوە؟
ئەبوزەبی مێژوویەکی درێژی لە بێزاری هەبوو بەرامبەر بەو پشکانەی (Quotas) کە ئۆپێک بە سەرکردایەتیی سعودیە بۆی دیاریکردبوو، کە دەیویست بەرهەمهێنانی ئیمارات لە 3.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا سنووردار بکات. ئیمارات دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2027 توانای بەرهەمهێنانی بگەیێنێتە پێنج ملیۆن بەرمیل.
نێڵ کویلیام، شرۆڤەکاری وزە و جیۆپۆلەتیک لە (چاتام هاوس) دەڵێ، قەیرانی تەنگەی هورمز دەرفەتێکی بۆ ئیمارات رەخساند تاوەکو بەبێ کاریگەری لەسەر نرخەکان لە ئۆپێک بکشێتەوە، بۆ ئەوەی کاتێک تەنگەکە کرایەوە، پشکی شێر لە بازاڕدا ببات. سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی وزەی ئیمارات گوتوویەتی، ئەوان نایانەوێت دوای کۆتاییهاتنی قەیرانی هورمز، بە دەست و پێ بەستراوی لە ناو سیستمەکەی ئۆپێکدا بمێننەوە.
ئەمە جیاوازیی ستراتیژیی نێوان ئەبوو زەبی و ریاز نیشان دەدات؛ ئابووریی ئیمارات جۆراوجۆر کراوە و بەرگەی نرخە نزیکەکانی نەوت دەگرێت، بەڵام سعودیە هێشتا بۆ بودجەکەی و پڕۆژە گەورەکانی گۆڕینی ئابوورییەکەی، پشت بە نەوت دەبەستێت. نادیم کۆتێیش، نووسەر و شرۆڤەکاری لوبنانی-ئیماراتی دەڵێ، ئیمارات پێویستی بە "ئازادی لە بەرهەمهێنان و سەربەخۆیی جیۆپۆلەتیکی لە سیاسەتی نرخەکان" هەیە، کە سیستمەکەی ئۆپێک رێگەی پێنادات. داهاتی زیاتری نەوتیش رێگە بە ئیمارات دەدات وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بکات.
پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیمارات
شرۆڤەکاران دەڵێن، ئەم بڕیارە گرژییەکانی نێوان ریاز و ئەبوو زەبی زیاتر دەکات، کە لە دوای کێشەکانی یەمەنەوە لە کانوونی یەکەمی رابردوو نێوانیان سارد بووەتەوە. هەردوو وڵات لەسەر سیاسەتی دەرەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیاوازن. ئیمارات نائومێدیی خۆی لە هاوپەیمانە عەرەبییەکان نیشانداوە، تەنانەت لە کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداویش. هەروەها ئیمارات هەڵوێستێکی تووندتری بەرامبەر ئێران هەیە، لە کاتێکدا سعودیە پاڵپشتیی هەوڵەکانی نێوەندگیریی پاکستان دەکات.
نێڵ کویلیام دەڵێت: "بێگومان ئەمە پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و ئەبوو زەبی ساردتر دەکات و کێبڕکێی نێوانیان بۆ هەژموون، نەک هەر لە دەریای سوور، بەڵکو لە بازاڕەکانی وزەشدا چڕتر دەکاتەوە."
کاریگەری لەسەر بازاڕ چی دەبێت؟
فرانسیس پێرین، شارەزای وزە دەڵێ، ئیمارات توانای بەرهەمهێنانی 4.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. ئەگەر دوای جەنگ بازاڕەکان بەم بڕە پڕ بکات، نرخەکان بە خراپی دادەبەزن. خۆرخێ لیۆن لە کۆمپانیای (ریستاد ئینێرجی) دەڵێ، ئێستا سعودیە بە تەنیا ماوەتەوە بۆ پاراستنی جێگیریی نرخەکان.
ئایا وڵاتانی دیکەش دەکشێنەوە؟
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، رووسیا هیوادارە ئەمە بەواتای کۆتایی ئۆپێک نەیێت. هەرچەندە عێراق و کازاخستان پشکەکانی ئۆپێک پڵەسیان تێپەڕاندووە، بەڵام رایانگەیاندووە کە لە گرووپەکە ناکشێنەوە. شرۆڤەکاران دەڵێن ئەگەر ئەوانیش بکشێنەوە، ئەوا زەنگی مەترسیی راستەقینە بۆ ئۆپێک لێ دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ