رووداو دیجیتاڵ
حەمید رەزا غوڵامزادە، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ماڵی دیپلۆماسیی ئێران لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندن، دۆسیەی ئەتۆمی و گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو چەند پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند، تاران لە هێڵە سوورەکانی پاشەکشە ناکات و متمانەی بە بەڵێنەکانی ئەمریکا نەماوە.
سەبارەت بە هۆکاری وەڵامنەدانەوەی داواکانی ئەمریکا بۆ دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆم، غوڵامزادە بە رووداوی گوت: "کێشەکە ئەوەیە ئەمریکییەکان داواکاریی زۆریان هەیە. ئەوان داوای هەڵپەساردنێکی زۆر درێژخایەنی بەرنامەی پیتاندنی ئێران دەکەن و دەیانەوێ یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە ببەنە دەرەوە."
غوڵامزادە گوتی، پیتاندنی یۆرانیۆم تاوەکو ئاستی 60٪ مافێکی یاسایی ئێرانە لە چوارچێوەی پەیماننامەی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و گوتیشی: "ئەگەر ئێران پێشتر و لە دانوستاندنەکانی جنێڤدا پێشنیازی سێ بۆ پێنج ساڵ هەڵپەساردنی کردبێت، ئەوا ئێستا ئەمریکا لە ئیسلامئاباد داواکەی بۆ 20 ساڵ زیاد کردووە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکییەکان یان لە دۆخەکە تێناگەن یان رێککەوتنیان ناوێ."
ئەزموونی تاڵ لە سەردەمی ئۆباما
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ماڵی دیپلۆماسیی ئێران رەتیکردەوە تاران جارێکی دیکە رازی بێت یۆرانیۆمەکەی بنێرێتە رووسیا و گوتی: "لە سەردەمی ئۆبامادا یۆرانیۆممان ناردە دەرەوە، بڕیار بوو سووتەمەنی بۆ ژێرخانی پزیشکی لە تاران دابین بکەن یان پارەکەی بدەن، بەڵام نە ئاژانسی نێودەوڵەتی و نە ئەمریکا و ئەورووپییەکان پابەند نەبوون. ئێران ئەم ئەزموونە تاڵەی هەیە، بۆیە جارێکی دیکە سەرمایەکەی زۆر بە ئاسانی لەدەست نادات."
سەبارەت بە سەردانەکەی عەباس عێراقچی بۆ مۆسکۆ، غوڵامزادە گوتی: "بڕوا ناکەم باسی پرسی ئەتۆمییان بە جیدی لەگەڵ بەڕێز پووتین کردبێت، چونکە یەکێک لە هێڵە سوورەکانی تیمی دانوستاندنکار و بەڕێز قالیباف ئەوەیە، رێگەیان پێنەدراوە باسی دۆسیەی ئەتۆمی بکەن."
"پێچەوانەی قسەکانی ترەمپ وەربگرن"
لە وەڵامی ئەو داوایەی دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی با ئێران تەلەفۆنمان بۆ بکات، غوڵامزادە گوتی: "بۆ ئەوەی لە ترەمپ تێبگەیت، دەبێت هەرچی دەیڵێت پێچەوانەکەی بکەیتەوە. کاتێک دەڵێت ئێران پەرۆشە بۆ تەلەفۆن، واتە خۆی پەرۆشە. ئێران ئامادەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانمان قبووڵ بکات، رەنگە باس لە رێکارەکان بکرێ، ئەگەرنا ئێران هیچ ئارەزوویەکی بۆ قسەکردن لەگەڵ ترەمپ و ئیدارەکەی نییە."
نەوت و تەنگەی هورمز؛ جەنگی ئیرادە
سەبارەت بە گەمارۆی سەر نەوتی ئێران، غوڵامزادە گوتی، هەناردەکردن بەردەوامە و گوتی: "هەرچەندە وەک دۆخی ئاسایی نییە، بەڵام زۆر کەشتی توانیویانە بەناو گەمارۆکەدا تێپەڕ بن. ئەگەر ئەمریکییەکان دەست بەسەر کەشتییەکانماندا بگرن، ئێران گوشار دروست دەکات و لە بەرامبەردا دەست بەسەر کەشتیی دیکەی ناوچەکەدا دەگرێ."
غوڵامزادە پێیوایە ئەمریکا ناتوانێ بۆ تاهەتایە گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز بهێڵێتەوە و گوتی: "ئەمە جەنگی ئیرادە و خۆڕاگرییە. ئێران لەنێو ماڵی خۆیدایە و یاری لە ناو یاریگەی خۆیدا دەکات، بەڵام ئەمریکییەکان هەزاران میل دوورن و خەرجی و بودجەیەکی زۆریان دەوێ تەنانەت سەربازەکانیشیان بەم مانەوە زۆرە دڵخۆش نین."
ئاسایشی سنوور و حیزبە کوردستانییەکان
غوڵامزادە باسی لە بەئامانجکردنی کەمپی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنانە پەیوەندی بە ئاسایشی سنوورەکانەوە هەیە. ترەمپ خۆی دانی بەوەدا نا کە ئەو گرووپانەیان لە هەرێمی کوردستان پڕچەک کردووە. ئێران بەرگری لە ئاسایشی خۆی دەکات."
ئەو شرۆڤەکارە ئێرانییە گوتیشی، تاران هیوادارە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاوکار بن لە باشترکردنی ئاسایشی سنوورەکان.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
پرسیار: بۆچی ئێران وەڵامی داواکانی ئەمریکا ناداتەوە سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێندراو؟
حەمید رەزا غوڵامزادە: کێشەکە ئەوەیە ئەمریکییەکان داواکاریی زیادەڕۆیان هەیە. ئەوان داوای هەڵپەساردنێکی زۆر درێژخایەنی بەرنامەی پیتاندنی ئێران دەکەن و دەیانەوێ یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران ببەنە دەرەوە. هەردووکیان ئەو مافانەن کە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆم و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە وڵاتێکیان داوە کە واژۆکاری رێککەوتننامەکانیان بێت. بۆیە وەک ئەندامێکی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆم، ئێران مافی هەیە یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە بپیتێنێت، هەروەها مافی هەیە یۆرانیۆم بپیتێنێت و کۆگەکانی یۆرانیۆمی پیتێندراویش لای خۆی بهێڵێتەوە، تەنانەت ئاستی 60٪یش بۆ وڵاتێکی ئەندام گونجاوە. کەواتە ئێران بەرگری لە مافەکانی دەکات و ئەمریکییەکان لە لایەکی دیکەوە دەیانەوێ شتێک بەسەر ئێراندا بسەپێنن کە ئێران قبووڵی ناکات. تەنانەت ئەگەر ئێرانیش پێش جەنگەکەی ئێستا، لە کاتی دانوستاندنەکانی جنێڤدا پێشنیازی ئەوەی کردبێت کە رەنگە سێ بۆ پێنج ساڵ هەڵپەساردن قبووڵ بکات (چونکە کاتی پێویست بوو بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو دامەزراوانەی لە حوزەیرانی رابردوو هێرشیان کرایەسەر)، بەڵام ئەمریکییەکان لەو کاتەدا داوای 10 ساڵ هەڵپەساردنیان دەکرد. ئێستا لە ئیسلامئاباد نەک هەر کاتەکەیان کەم نەکردووەتەوە، بەڵکو زیادیان کردووە بۆ 20 ساڵ، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکییەکان یان لە واقیعی سەر زەوی تێناگەن یان رێککەوتنیان ناوێ. ئەوان نرخێکی ئەوەندە بەرز دادەنێن کە کەس قبووڵی ناکات، بۆیە ئێران رەتی دەکاتەوە چونکە دەیەوێ بەرگری لەو مافانە بکات کە شایستەیەتی.
رووداو: لە کاتی رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی 5+1 و لەسەدەمی ئۆبامادا هەندێک لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بردرایە رووسیا. ئێستا ئێران رازییە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی بباتە رووسیا؟
حەمید رەزا غوڵامزادە: نەخێر، چونکە لەو کاتەدا یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە برایە دەرەوەی وڵات و بڕیار وابوو بگەڕێتەوە بۆ دابینکردنی ئەو سووتەمەنییەی کە بۆ ژێرخانی پزیشکی لە تاران پێویست بوو؛ بەڵام ئەوان ئەوەیان نەکرد. هەروەها بڕیار بوو یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە لە ئێران بکڕن و پارەکەیان نەدا. لە راستیدا ئەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و وڵاتانی رۆژئاوا یان ئەمریکییەکان و ئەورووپییەکان بوون کە رێگرییان لە پێدانی پارەکە کرد و رێگرییان لەوەش کرد سووتەمەنی بۆ دامەزراوەکەی تاران دابین بکرێ. ئێران ئەم ئەزموونەی لە کەمیی پابەندنەبوونی ئاژانس و وڵاتانی دیکە هەیە، بۆیە ناتوانین متمانەیان پێ بکەین. ئەمە پێشتریش روویدا کاتێک تورکیا و بەرازیل نێوەندگیر بوون، هەمان چیرۆک دووبارە بووەوە. بۆیە بەپێی ئەزموون، ئێران ئاسۆیەکی گەش و پێشبینییەکی باش نابینێت لەوەی دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ببێت بۆ دەرەوەی وڵات و لە بەرامبەردا هیچ شتێک نەبێت، ئەوە دەبێتە سەرمایەیەک کە ئێران زۆر بە ئاسانی لەدەستی دەدات و بێگومان ئێران ئەوە قبووڵ ناکات.
رووداو: ئایا وەزیری دەرەوەی ئێران لەم سەردانەیەدا بۆ مۆسکۆ باسی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانی کردووە؟
حەمید رەزا غوڵامزادە: ئێمە هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەمان لەبارەی وردەکاریی قسەکانی نێوان هەردوولا نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکەم گفتوگۆیەکی لەم جۆرەیان هەبووبێت لەبارەی ململانێکان، جەنگ، پیتاندن و بەرنامەی ئەتۆمی. بەڵام دەربارەی گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە بۆ ئەو وڵاتە [رووسیا]، گومانم هەیە، چونکە یەکێک لە هێڵە سوورەکان بۆ تیمی دانوستاندنکار، بۆ وەزارەتی دەرەوە، بۆ بەڕێز قالیباف و هەموو ئەو ئەندامانەی بەشێکن لە تیمی دانوستاندن ئەوەیە کە رێگەیان پێنەدراوە باسی دۆسیەی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئێمە پێشتریش چەندین جار باسمان لێوە کردووە و لە دوو جاری رابردوودا لە ناوەڕاستی گفتوگۆکاندا هێرشیان کردە سەر ئێران. بۆیە دۆسیەی ئەتۆمی شتێک نییە کە رێگە بە تیمەکە درابێت باسی بکەن، بەو هۆیەشەوە بڕوا ناکەم باسی پرسە زۆر جیدییەکان لەگەڵ بەڕێز پووتین لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی کرابێت.
رووداو: ترەمپ دەڵێ ئەگەر ئێران دەیەوێت دانوستاندن بکەین با تەلەفۆنمان بۆ بکەن . ئێران تەلەفۆن بۆ ترەمپ دەکات؟
حەمید رەزا غوڵامزادە: بۆ ئەوەی لە سەرۆک ترەمپ بە دروستی تێبگەیت، دەبێت هەرچی دەیڵێت پێچەوانەکەی بکەیتەوە. کاتێک دەڵێت ئێران پەرۆشە بۆ ئەوەی تەلەفۆنم بۆ بکات، واتە من پەرۆشم تەلەفۆن بۆ ئێران بکەم و دەڵێت "تکایە ئێران تەلەفۆنم بۆ بکەن". کاتێک دەڵێت ئێران داوای رێککەوتن یان دانوستاندن دەکات، واتە من داوای دەکەم بەڵام نامەوێ بە روونی بیڵێم؛ بۆیە ئەو دەستی دەستی بە بابەتەکەوە دەکات. ئێران رایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەرجەکانی ئێران قبووڵ بکات، ئەوا دەکرێ باس لە رێکارەکان بکرێت بۆ قبووڵکردنی ئەو مەرجانە، بەڵام ئێران لە مافەکانی، مەرجەکانی و هێڵە سوورەکانی پاشەکشە ناکات. ئێران ئامادەیە بۆ گفتوگۆ کاتێک ئەمریکییەکان ئامادەی قبووڵکردن بن، ئەگەرنا ئێران هیچ ئارەزوویەکی بۆ قسەکردن لەگەڵ کەسێکی وەک سەرۆک ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا نییە.
رووداو: ئایا ئێران ئێستا هیچ نەوت دەفرۆشێت؟
حەمید رەزا غوڵامزادە: بەڵێ بێگومان، هەناردەکردن بەردەوامە. هەناردەکە وەک دۆخی ئاسایی نییە، چونکە ئێستا بەهۆی گەمارۆ و جەنگەوە، دۆخەکە نائاساییە. لە راستیدا نوێترین ئامارەکانم لانییە، بەڵام ئەوە دیارە کە ئێران بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەکات. نیوەی بەرهەمی نەوتی ئێران لە ناوخۆ بەکاردێت و نیوەکەی دیکەی بە گشتی هەناردە دەکرێت. بەشی هەناردەکە لە دۆخی ئاسایی کەمترە، بەڵام بەواتای ئەوە نییە گەیشتووەتە سفر و گەمارۆکە هەموو شتێکی راگرتووە؛ نەخێر. زۆر کەشتی توانیویانە بەناو گەمارۆکە تێپەڕ بن و بە سەرکەوتوویی بگەنە شوێنی مەبەست. هەندێک کەشتی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام ئێران هەوڵدەدات گوشار دروست بکات و لە رووی سیاسی و ئەگەر پێویستیش بکات لە رووی سەربازییەوە کار بکات بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتییانە، یان لە بەرامبەردا ئێران دەست بەسەر هەندێک کەشتیی دیکەی ناوچەکەدا دەگرێ. بەڵام دەیان کەشتی و نەوتهەڵگری دیکەی ئێرانی پێشتر تێپەڕ بوون.
رووداو: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆی خۆی لەسەر ئێران لە تەنگەی هورمزدا هەڵنەگرێ، ئێران ئامادەنییە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەست پێبکاتەوە؟
حەمید رەزا غوڵامزادە: دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بۆ گەمارۆکە و لابردنی گەمارۆکە گونجاوە. خاڵەکە ئەوەیە، ئەگەر ئێران تەنگەی هورمز دابخات، ئەوە واقیعێکی جوگرافییە لەسەر زەوی و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو گەمارۆیە بەسەر تەنگەکەدا دەسەپێنێت. بەڵام ئەمریکییەکان ئەوەیان نییە و ناتوانن هێزە دەریاییەکانیان و کەشتییەکانیان 24 کاژێر لە حەوت رۆژدا و بە درێژایی ساڵ لە ناو زەریاکاندا بهێڵنەوە بۆ ئەوەی کەشتیی ئێرانی بگرن و گەمارۆ بخەنە سەر ئێران؛ ئەوە ئەستەمە، بەتایبەت ئێستا دەبینین کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ئاگر لە کەشتییەکانیان بەردەبێت یان کێشەی توالێت و ئەو کێشانەی دروستی دەکەن بۆ ئەوەی رەوانەی ئەرکی جەنگی نەکرێن. بەو دۆخەوە، ئەمریکییەکان توانای ئەوەیان نییە بۆ تاهەتایە بازرگانیی ئێران رابگرن. بۆیە ئەمە زیاتر جەنگی ئیرادە و جەنگی خۆڕاگرییە. ئەوان هیوادارن بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران رابگرن کە وانییە. ئەوان بە هەڵە وا بیر دەکەنەوە کە ئەگەر ئێران نەوت هەناردە نەکات، ئەوا نەوتەکە لەکاردەکەوێت یان بەسەردەچێت، بەڵام بەهۆی سرووشتی نەوتەکان لێرە لە ئێراندا ئەوە روونادات، تەنانەت بەرهەمنەهێنانی نەوت زیان بە ژێرخان و دامەزراوە نەوتییەکان ناگەیێنێت. بۆیە ئێران هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوە نییە و ئەمە تەنیا پرسەکە کاتە. ئەمریکییەکان هیوادارن لە ماوەی چەند مانگێکدا ئێران رابگرن، بەڵام خاڵەکە ئەوەیە ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ خۆی ئامادە کردووە و بەهۆی جوگرافیاکەیەوە ئێران خۆڕاگریی زیاتری هەیە، چونکە ئەو لە نێو ماڵی خۆیدایە.ئەو یاریزانێکە لە ناو یاریگەی خۆیدا و هەموو ئەو شتانەی لێرە هەیەتی کە پێویستییەتی. بەڵام ئەمریکییەکان هەزاران میل لە وڵاتەکەیانەوە دوورن و پێویستیان بەوەیە هەموو شتێک جێگیر بکەن کە کات و پارە و بودجەیەکی زۆری دەوێ، لەوەش گرنگتر پێویستی بە سەرچاوەی مرۆیی زۆرە کە بێگومان ئەوان بەم جەنگە و مانەوەیان لێرە بۆ ماوەیەکی زۆر دڵخۆش نین. کاتێک هەموو ئەگەرەکان هەژمار دەکەیت، ئەگەرەکان لە بەرژەوەندیی ئێراندان بۆ ئەوەی خۆڕاگریی زیاتری هەبێت بەرامبەر گەمارۆکە وەک لە ئەمریکییەکان و ئابووریی جیهان بەرامبەر گەمارۆی تەنگەی هورمز.
رووداو: شەڕ وەستاوە و ئاگربەست هەیە ، بەڵام ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەمپی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ئەو حیزبانە بەشدارنەبوون لەو شەڕەدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای وەستاندنی ئەو هێرشانە دەکات. کەی ئێران ئەو هێرشانە دەوەستێنێت؟
حەمید رەزا غوڵامزادە: ئەو ئۆپەراسیۆنانە پەیوەندی بە ئاسایشی سنوورەکانەوە هەیە. تەنانەت پێش جەنگیش هەبووە، هەندێک حاڵەت هەبووە کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر گرووپە تیرۆریستییەکان لەو زەوییانەدا. لە کاتی جەنگەکە و دوای ئەوەش، ئێران هەمان شتی کردووە. ئێمە بە روونی لە سەرۆک ترەمپمان بیست کە دانی بەوەدا نا کە ئەوان گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەی کوردستانیان، هەرێمی کوردستانیان پڕچەک کردووە. بۆیە زۆر روونە کە ئێران بەرگری لە ئاسایشی خۆی دەکات و لەمبارەیەوە زۆر هەستیار دەبێت. من تەواو دڵنیام کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراقی هەردوولا پشتگیریی ئاسایش لەم ناوچەیەدا دەکەن. ئەوان پێشتر هێڵێکی سووریان بۆ ئەمریکییەکان داناوە بۆ ئەوەی لەوێوە جەنگ هەڵنەگیرسێنێت و پلانی ئەمریکییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران قبووڵ نەکردووە. ئەوان بە بەرپرسیارانە و بە رێزەوە مامەڵەیان کردووە و ئەوەش شتێکە کە ئێران زۆر بە بەرزی دەنرخێنێت. بەڵام بەرگری لە خۆشی دەکات بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییەکان. ئێران ئەو گرووپە تیرۆریستییانە وەک بەرپرسانی کورد یان فەرمانڕەوایانی کوردستان نابینێت، بەڵکو شەڕیان دەکات. بێگومان ئێران هیوادارە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاوکار بن لەو شەڕەی دژی تیرۆر و هاوکار بن لە باشکردنی ئاسایشی سنوورەکانی هەردوولا. کەواتە ئەمە پەیوەندی بە جەنگەکەوە نییە و زیاتر پەیوەندی بە ئاسایشی سنوورەکانەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ