رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل ناوەندێک بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی کە لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بێسەروشووێنبوون، دەکاتەوە. کردنەوەی ئەو سەنتەرەش لەکاتێکدایە، بەهۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە نزیکەی 750 هاووڵاتیی ئیسرائیلی بێسەروشووێنن.
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023، دین ئێلسدەن، گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، ناوەندەکە دەکەوێتە نزیک ئێرپۆرت سیتی لە شاری لۆدی نێوەڕاستی ئیسرائیل.
گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل گوتی: "ئەوانەی کە ناوی بێسەروشووێنبووان تۆماردەکەن پێویستە زۆرترین زانیاری بە سەنتەرەکە بدەن؛ لەوانەش کەلوپەلی ئەو کەسانە بۆ ئەوەی یارمەتی تیمەکانیان بدەن کە لە رێگەی دی ئێن ئەیەوە چارەنووسیان دیاریبکەن."
کردنەوەی ئەو ناوەندە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئاماری حکومەتی ئیسرائیل، لە شەڕی دوو رۆژەی نێوان ئەوان و بزووتنەوەی حەماسدا، نزیکەی 750 ئیسرائیلی بێسەروشووێن بوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەڵەستین، بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە لە هەردوولا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ