دۆناڵد ترەمپ: رەنگە یەکشەممە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەم

08-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی غەززە "زۆر نزیکە" و لەوانەیە رۆژی یەکشەممە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات. 
 
رۆژی چوارشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "گفتوگۆکان بۆ ئاگربەستی غەززە بە باشی بەڕێوەدەچن". باسی سەردانیکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشی کرد و گوتی،"رەنگە رۆژی یەکشەممە سەردانی ئەوێ بکەم". 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگربەستی جەنگی غەززە زۆر نزیکە". 
 
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هاتن، کە رۆژی دووشەممەی رابردوو، گفتوگۆکانی حەماس و ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە لە شەرم شێخ لە میسر دەستیانپێکرد. ئەمڕۆش، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەری زاو٣ای بەشدارییان لەو کۆبوونەوانە کرد. 
 
ئەمڕۆ، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر رایگەیاند، "پەیامی من بۆ سەرۆک ترەمپ، پێیدەڵێم: جەنابی سەرۆک، بەردەوامبە لە پاڵپشتییەکەت و ویستەکەت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. دەستخۆشی لە هەموو ئەو کارانە دەکەم کە لەم ناوچەیەدا کردووتن."
 
سەرۆکی میسر گوتیشی، "زۆر باش دەبێت لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتندا ئامادەبین. جەنابی سەرۆک، بانگهێشتت دەکەم ئامادەی ساتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە بیت." 
 
بەرپرسانی حەماس دەڵێن، گفتوگۆکان لەسەر وردەکاریی سێ پرس چڕبوونەتەوە، ئەوانیش راگرتنی جەنگ، پلانێکی دیاریکراو و ورد بۆ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییان. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی گرووپەکە، لیستی ناوی ئەو کەسانەیان داوەتە ئیسرائیلییەکان بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بارمتەکان ئازاد بکرێن. 
 
بەشێکیان سەرکردەی گرووپە فەلەستینیەکانن کە بە زیندانی هەتایی سزادراون و لە ئاگربەستەکانی پێشوودا ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە ئازادیان بکات. 
 
حەماس داواکاریی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ چەکدانان قبوڵ نەکردووە. بەرپرسێکیان قسەی بۆ میدیای بەریتانیا کردووە و دەڵێت، تاوەکو بستێک خاکی فەلەستین لەژێر دەستی ئیسرائیل بێت، چەک دانانێن. 
 
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کەرتەکەش، حەماس ئامادەیە بەڕێوەبردنی غەززە رادەستی دەسەڵاتێکی فەڵەستینی بکات، کە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پاڵپشتی بکرێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە