شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا گەیشتە دیمەشق

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا گەیشتە دیمەشق و بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا کۆببێتەوە، چاوەڕێ دەکرێ دۆخی حەلەب و داوای پاراستنی مافی نەتەوە و پێکهاتەکان لە گفتوگۆکانی شاندەکەی ئەورووپا بن.
 
ئۆرسۆلا ڤۆندەر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بەیانی ئەمڕۆ هەینی 9-1-2026 گەیشتە دیمەشق و لەلایەن ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێشوازی لێکرا، جگە لە ڤۆندەر لاین، ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپاش لە نێو شاندەکەی یەکێتیی ئەورووپایە.
 
ئەوە یەکەم سەردانی سەرۆکی کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی ئەورووپایە بۆ دیمەشق لەدوای رووخانی رژێمی سووریا. پاولا پینهۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بڕۆکسل رایگەیاند، سەردانەکەی ڤۆن دێر لاین بۆ دیمەشق بەشێکە لە گەشتێکی فراوانتر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئامانج لێی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکەیە. 
 
یەکێتیی ئەورووپا رۆژی پێنجشەممە 8-1-2026  نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی شەڕی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەربڕی، رۆژی پێنجشەممە ئەنوەر ئەلعەنوونی، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی دۆخی حەلەب رایگەیاند, "ئێمە داوا دەکەین رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و لە رێگەی زمانی دیپلۆماسی و ئاشتییانەوە چارەسەری کێشەکان بدۆزنەوە".
 
یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا داوای "حکومەتێکی گشتگیر" لە سووریا دەکەن، بەڵام هێشتا حکومەتی سووریا چەندین کێشەی چارەسەر نەکردوون، لەسەروویانەوە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 کە لەنێوان ئەحمە شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەر و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە