پێنتاگۆن: لە سێ مانگدا 134 جار هێرشکراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا

09-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پشکنەری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن راپۆرتی وەرزیی خۆی لەبارەی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا ئاراستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوودا 134 هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
 
راپۆرتەکە سەرنجی لەسەر ماوەی نێوان 1-10-2023 تاوەکو 31-12-2023یە و تێیدا هاتووە، "گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە چارەکی چوارەمی 2023دا لانیکەم 134 هێرشیان کردوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و چەند کارمەندێکی ئەمریکی و هێزەکانی هاوپەیمانییان بریندارکردووە".
 
راپۆرتەکە لەبارەی هێرشەکانەوە دەڵێت، "گرووپەکان درۆنی بۆمبڕێژکراو، رۆکێت و مووشەکیان ئاراستەی هێزەکان کردووە. هێرشەکان پەیوەندییان بە گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل هەبووە".
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا بە هێرشکردن وەڵامی ئەو گرووپانەیان لە عێراق و سووریا داوەتەوە و هۆشدارییانداوە کە ئەمریکا هێرشکردنە سەر هێزەکانی قبووڵ ناکات.
 
پشکنەری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هەروەک راپۆرتەکە باسی دەکات، سیستمی دژە مووشەکی زیاتری ناردووەتە ناوچەکە بۆ پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و سووریا.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە جموجووڵەکانی داعشەوە هەیە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەو سێ مانگەی کۆتایی 2023ـدا "داعش بەردەوام بووە لە هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل و هێزەکانی عێراق و سووریا، بەڵام نەیانتوانیوە هێرشی گەورە لە ناوەوە یان دەرەوەی ئەو شوێنانە بکات".
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، راوێژی هێزەکانی هاوپەیمانی بە هێزەکانی ئاسایشی عێراق بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانەوە کەمبووەتەوە، بەڵام دەشڵێت، "هێزەکانی ئاسایشی عێراق توانای بەرچاویان لە شەڕکردندا پێشانداوە".
 
هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لە 86 ئەندام پێکدێت لە ئەیلوولی 2014 بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهێندرا بە ئامانجی رووبەڕووبوونەی داعش و تێکشکاندنی ئەو رێکخراوە، سەرنجەکەی زیاتر لەسەر عێراق و سووریایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە