رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان بڵاویکردەوە، وەڵامی دەستڕێژیی گوللەیان دایەوە، کە لە سنووری سووریاوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرا و، بووە هۆی بریندارکردنی 8 کەس.
رۆژی 8ـی شوباتی 2025، سوپای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای فەرمانێکی جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، "فەرماندەیی سوپا بڕیارێکی بۆ یەکەکانی لە باشوور و رۆژهەڵات دەرکرد، کە وەڵامی تەقەکردنەکان لە سنوورەکانی سووریاوە بدەنەوە."
سوپاکە دەشڵێت، ئەو یەکانە دەستیان بە وەڵامدانەوەی دەستڕێژەکە کرد کە لەو وڵاتەوە کرابوون. ئەمە بەبێ ئاشکراکردنی ناوی تەقەکەرەکان.
ئەو راگەیێندراوەی سوپای لوبنان دوای ئەوە هات؛ میدیای فەرمی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، لە دیوی سووریاوە و لە نزیک دەروازەی سنووری هێرمل لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیانەوە چەند کەسێک تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە 8 لوبنانی بریندار بوون.
رۆژی هەینی، عەون و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر بە تەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لە پاراستنی سنوورەکانی نێوانیان و هاووڵاتییانی سڤیل کردەوە.
رۆژێک پێشتر، بەرپرسانی سووریا رایانگەیاند، لە پارێزگەی حومسەوە کە هاوسنوورە لەگەڵ لوبنان، دەستیان بە هەڵمەتێک بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی چەک لە وڵاتەکەیانەوە بۆ لوبنان، بەتایبەت حیزبوڵـڵا، کردووە.
سووریا و لوبنان نزیکەی 330 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. هەردوو حکومەت کۆنترۆڵیان بەسەر بەشێکی سنوورەکەدا نییە و ئەمەش هاوکارە کە گرووپە قاچاخچییەکان سوودیان لێببینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ