شاندی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆی قۆناخی دووەمی ئاگربەست دەچێتە دەوحە

09-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە شاندی دانوستاندنکارانی ئیسرائیل کرد بگەڕێنەوە قەتەر بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی غەززە بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئاڵۆگۆڕکردنی پێنجەم کۆمەڵەی بارمتە و بەندکراوان تەواو بوو.  
 
نەتەنیاهوو جارێکی دیکە هەڕەشەی "لەنێوبردنی حەماس و ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی کرد"، هەروەها چەکدارانی حەماسی بە "دڕندە" ناوبردن دوای ئەوەی سێ بارمتەی لە رۆژی شەممە رادەستکردنەوە، کە ئیسرائیل دەڵێت، حەماس بارمتەکانی ناچار بە نمایش و قسەکردن لەسەر سەکۆ کردووە.
 
دوای ئەوەی کە سێ بارمتەکە بۆ پشکنین گوێزرانەوە نەخۆشخانە، پزیشکەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، رەوشی دوو لەوانە "خراپە".
 
ئیسرائیل لە هەمان رۆژدا، 183 بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکردن. یانەی بەندکراوانی فەلەستینی رایگەیاند، 7 لەوانە پێویستیان بەوە بووە بگوازرێنەوە نەخۆشخانە، هەروەها باسی لەوە کرد، بەندکراوان لە نێو زیندان رووبەڕووی "دڕەندەیی" و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە. 
 
41 لە ئازادکراوەکان گەڕانەوە شاری رامەڵڵای کەرتی رۆژئاوا، چوار بۆ رۆژهەلاتی قودس-ئۆرشەلیم، 131 بۆ غەززە و 7ـی دیکەش دیپۆرتی میسر کران.
 
ئامانج لە بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان رێگەخۆشکردنە بۆ کۆتاییهاتنی تاهەتایی جەنگ. 
 
باسم نەعیم، بەرپرسی باڵای حەماس رۆژی شەممە گوتی، "خاوەخاوکردن و پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەم، ئەم رێککەوتنە دەخاتە مەترسییەوە و بەم شێوەیە رەنگە بوەستێت یان دابڕووخێت."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی کەرتی غەززە پێیدا دەربازبووە، رەوشی بارمتە ئیسرائیلییەکان "قبوڵکراوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە