رووداو دیجیتاڵ
دارستانی بێورەی مەلیکشاهی لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە دەبڕدرێتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی ژینگەپارێزانی لێکەوتووتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025 سادق سەعیدی، ژینگەپارێزی خەڵکی ئیلام بە رووداوی راگەیاند، ژینگەپارێزانی ئیلام نیگەرانیی خۆیان لە بڕینەوەی داربەڕووەکانی دارستانی بێورەی مەلیکشاهی گەیاندە بەشی سەرچاوە سرووشتییەکانی شارەکە و داوای روونکردنەوەیان کرد.
سادق سەعیدی گوتی، بەشی سەرچاوە سرووشتییەکان لە وەڵامی ژینگەپارێزان رایگەیاندووە، "دوای ئەوەی ئەو کۆمپانیا چینییە داوای داری بۆ راپەڕاندنی کارەکانی کرد، لەوانەش بۆ کوورەکەی، لەلایەن بەشی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیلامەوە رێگەی پێدرا دارە وشکەکان ببڕنەوە، بەڵام دوای سکاڵای ژینگەپارێزان و بەدواداچوونمان دەرکەوت کە کۆمپانیا چینییەکە سەرپێچی کردووە و چەندین داربەڕوویان لە دارستانەکە بڕیوەتەوە".
بەشی سەرچاوە سرووشتییەکانی شارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: سزای پێبژاردن و زیندانیکردن بۆ ئەو کەسانە دەرچووە کە سەرپێچییەکەیان ئەنجام داوە و یارمەتیدەر بوون لە بڕینەوەی دارەکان لە لایەن ئەو کۆمپانیایەوە.
ژینگەپارێزانی ئیلام دەڵێن، کۆمپانیایەکی چینی کە لە بواری کانزادا کاردەکات، داربەڕوو بۆ سووتەمەنییەکە بەکاردەهێنێت و بە شێوەیەکی بەرفراوان دارەکانی ناوچەکە دەبڕێتەوە.
ژینگەپارێزانی ئیلام نیگەرانن لەو کارەی کۆمپانیاکە و هۆشداری دەدەن لە بڕینەوەی داربەڕووەکان و دەڵێن: بڕینی ئەو دارانە لێکەوتەی خراپی بۆ ژینگە و ئیکۆسیستمی ناوچەکە دەبێت.
دارستانەکانی زاگرۆس رووبەڕووی کۆمەڵێک مەترسی بووەتەوە، وەک بڕینەوەی دار بۆ دروستکردنی خەڵووز و سووتاندنی بە مەبەستی فراوانکردنی کشتوکاڵ و نەخۆشی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ