رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حەماس دەڵێت، هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە رێڕەوێکی ستراتیژیی نێو غەززە کشانەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە خاڵەکانی نێو ئاگربەستی نێوانیان.
رۆژی یەکشەممە 09-02-2025، بەرپرسێکی حەماس لە وەزارەتی ناوخۆی غەززە رایگەیاند: "هێزەکانی ئیسرائیل لە خاڵەکانی خۆیان کشانەوە و بە تەواوی تانکەکانیان لەسەر رێڕەوی نێتزاریم لە شەقامی سەلاحەدین لابرد. ئێستا ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن بە هەردوو ئاراستە هاتووچۆ بکەن."
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، رێڕەوەکە، کە بۆ جیاکردنەوەی باکوور لە تەواوی کەرتەکە کێشرابوو، چۆڵکرا و خەڵک هاتووچۆ دەکەن.
بەگوێرەی بەرپرسێکی ناونەهێنراوی حەماس، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچەیە بەگوێرەی مەرجەکانی ئەو ئاگربەستەیە کە لە 19ـی مانگی رابردوو چووە واری جێبەجێکردنەوەوە و دەستیپێکرد، بڕیارە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە 42 رۆژ بخایێنێت.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: "ئێمە خۆمان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستەکە ئامادە دەکەین، ئەمەش بەگوێرەی ئەو هێڵە گشتییانەی بۆمان دیاریکراون."
جەنگی غەززە لە 07ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. دوای چەندین مانگ لە دانوستاندنی بێبەرهەم، رۆژی 15ـی مانگی رابردوو ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر راگەیێنرا.
ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو
هێرشەکەی 2023، خوێناویترینی مێژووی ئیسرائیل بوو، کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 210 کەس. حەماس هەروەها 251 کەسی بە بارمتە گرت. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، ئێستا 73 بارمتە لە غەززە ماون و پێشبینیی کوژرانی 34ـیان دەکرێت.
رۆژی شەممە 08-02-2025 تەندروستیی غەززە، کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 48 هەزار و 181 کەس لە غەززە کوژراون.
لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، حەماس و ئیسرائیل پێنج جار بارمتە و بەندکراویان ئاڵوگۆڕ کردووە. دوێنێ شەممە لە پێنجەمین گەڕدا، حەماس سێ بارمتەی پیاو و ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی ئازادکردن. تاوەکو ئێستا 21 بارمتە و 766 بەندکراو لە هەر پێنج گەڕدا ئاڵوگۆڕکراون.
لەدوای رادەستکردنی بارمتەکانی گەڕی پێنجەم، کە زۆر لاواز و بێتوانا دەردەکەوتن؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل حەماسی بە "دڕندە" ناوبرد.
سێ بارمتەکە ناویان ئۆر لێڤی، ئێلی شەرابی و ئۆهاد بن ئامی بوو. ئەو نەخۆشخانەیەی چارەسەری سەرەتایی بۆیان کرد رایگەیاند، ئۆر و ئێلی لە "دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدان و ئۆهادیش تووشی بەدخۆراکییەکی تووند بووە."
ئۆهاد، کە هەڵگری وەڵاتینامەی ئیسرائیل و ئەڵمانیایە، لە نەخۆشخانەی ئیچیلۆڤ لە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل باوەشی بە کچەکەیدا کرد و شادبوونەوە.
لە بەرامبەردا، یانەی بەندکراوە فەلەستینییەکان کە گرووپێکی داکۆکیکارە لە مافی بەندکراوەکان رایگەیاند، دوای ئازادکردنی 183 بەندکراوەکە، حەوتیان پێویستییان بە خەواندن لە نەخۆشخانە بووە و گوتی: "لە زیندان دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە."
شادی بەرغووتی، یەکێک لە بەندکراوە ئازادکراوەکان رایگەیاند: "ئێمە هەمیشە خەونمان بە ئازادییەوە دەدیت، خەونمان بەوە دەدیت دەرگای زیندانمان بۆ دەکرێتەوە."
پێنج لەو بارمتانەی کە حەماس لە گەڕی سێیەم ئازادیانی کرد خەڵکی تایلاند بوون، رۆژی شەممە لە ئیسرائیلیەوە گەیشتنەوە بانگکۆک و بە خێزانەکانیان شادبوونەوە.
پۆنگساک تان، یەکێکە لە بارمتە ئازادکراوەکان گوتی: "من سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە یارمەتیی دەرچوونی ئێمەیان دا [لە غەززە]. بەهۆی ئەوانەوە نەبوایە، نەمان دەتوانی بگەینەوە ئێرە. لە کۆتاییدا بە نیشتمانیی خۆمان شادبووینەوە."
بڕیارە لە قۆناخی یەکەم 33 بارمتە و نزیکەی هەزار و 100 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن.
ئەی چی لەبارەی قۆناخی دووەم؟
بڕیارە دانوستاندنەکان بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەسەر قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە لە دەوحە دەستپێبکەن. ئامانجی قۆناخی دووەمیش راگرتنی تەواوەتیی جەنگ و ئازادکردنی هەموو بارمتەکانە.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، نەتەنیاهوو فەرمانیکرد دانوستکارە ئیسرائیلییەکان بەرەو قەتەر بەڕێبکەون.
نووسینگەکەی رایگەیاند: "لەگەڵ تەواوبوونی قۆناخی ئاڵوگۆڕکردن، سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو فەرمانیدا ساندێک بچنە دەوحە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر وردەکارییە تەکنییەکانی رێککەوتنەکە بکەن."
هەر بەگوێرەی نووسینگەکەی، دوای ئەوەی نەتەنیاهوو لە ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە، لەبارەی دانوستاندنەکانی قۆناخی دووەم، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کابینەی جەنگی دەکات.
هەر دوێنێ شەممە، باسم نەعیم، بەرپرسی باڵای حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل بە تەواوی پابەندی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەم نییە، "وادەکات ئەم رێککەوتنە رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە، بۆیە دەکرێت رێککەوتنەکە بوەستێت یانیش هەڵبوەشێتەوە."
سەرەتای ئەم هەفتەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە لێدوانێک جیهانی هەژاند کاتێک گوتی، ئەمریکا دەست بەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت و لە خەڵک چۆڵی دەکات.
بەگوتەی ترەمپ، پێویستە خەڵکی غەززە روو لە میسر و ئوردن بکەن؛ دوو وڵاتەکەش بە تەواوی ئەو بیرۆکەیەیان رەتکردووەتەوە.
دوای لێدوانەکە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل داوای لە سوپای وڵاتەکە کرد، پلانێک بۆ "جێهێشتنی خۆویستانەی خەڵکی غەززە" ئامادە بکەن.
ترەمپ رەتیکردەوە هیچ سەربازێکی ئەمریکی بنێردرێتە غەززە؛ لە هەڤپەیڤینێکیش لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئیسرائیل دەیەوێت ئەو کارە بکات.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "پێموایە پێشنیازەکەی سەرۆک ترەمپ یەکەمین بیرۆکەی نوێیە کە چەند ساڵێکە کرابێت، بیرۆکەکە توانای گۆڕینی هەموو شتێکی هەیە لە غەززە. سەرۆک ترەمپ هەرگیز نەیگوت سەربازە ئەمریکییەکان ئەو کارە بکەن؛ دەزانی چی؟ ئێمە دەیکەین."
بەدر عەبدولعاتی، سەرۆکوەزیرانی میسر رۆژی یەکشەممە 09-02-2025 سەردانی ئەمریکای کرد و بڕیاریشە عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن رۆژی 11ـی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، رۆژی 27ـی شوبات میسر لووتکەیە بۆ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی رێکدەخات و تەوەرەکەشی، "دوایین پێشهاتە جیدییەکان لەبارەی فەلەستین" دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ