سەرۆکی ئیسرائیل: دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی میسر و شازادەی سعودیە کۆدەبێتەوە

09-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوتەی سەرۆکی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی ئوردن، سعودیە و میسر کۆدەبێتەوە. دەشڵێت: "ئەوانە ئەو هاوبەشانەن کە دەبێت گوێیان لێبگیرێت، مەرجە دانوستاندنیان لەگەڵ بکرێت."
 
رۆژی یەکشەممە 09-02-2025، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆببێتەوە. سەرۆکی ئیسرائیل هیچ شتێکی لەسەر کات و رێککەوتی ئەو کۆبوونەوانە ئاشکرا نەکرد.
 
هێرزۆگ لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئەو لێدوانەی دا، کاتێک پرسیاری پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپیان لێکرد، کە رۆژی سێشەممە گوتی، ئەمریکا دەست بەسەر غەززەدا دەگرێت.
 
سەرۆکی ئیسرائیل، کە کەمتر لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەردەکەوێت هیچ وردەکارییەکی لەسەر کات و شوێنی ئەو کۆبوونەوانە باسنەکرد. هەروەها، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیشی نەدرکاند.
 
بەگوتەی هێرزۆگ، ترەمپ لە چەند رۆژی داهاتوو لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کۆدەبێتەوە.
 
سەرۆکی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینەکە گوتی: "سەرۆک ترەمپ بەنیازە لەگەڵ سەرکردە گەورەکانی عەرەب کۆببێتەوە. سەرەتا لەگەڵ شای ئوردن و سەرۆکی میسر، پێموایە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیەش کۆدەبێتەوە."
 
لەبارەی ئەو وڵاتە عەرەبییانە هێرزۆگ گوتی: "ئەوانە ئەو هاوبەشانەن کە دەبێت گوێیان لێبگیرێت، مەرجە دانوستاندنیان لەگەڵ بکرێت. ئێمە پێویستە رێز لە هەستیان بگرین و پلانێک دابنێین کە بۆ داهاتوو بەردەوامبێت."
 
سعودیە بەهەموو جۆرێک پێشنیازەکەی ترەمپی بۆ غەززە رەتکردووەتەوە و چەندین وڵاتی دیکەش هەمان وەڵامیان هەبووە. 
 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز: "شا عەبدوڵڵا بەنیازە لە کۆبوونەوەکەی 11ـی ئەم مانگە بە سەرۆکی ئەمریکا بڵێت ئەم پلانە هەوێنی پەڕگیرییە و لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پشێوی دروستدەکات، هەروەها ئاشتییەکەی ئوردن لەگەڵ ئیسرائیل تێکدەدات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە