هاکان فیدان: ناوەندی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەگەڵ چوار وڵاتی دراوسێی سووریا دادەمەزرێنین

09-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە عەممان-ی پایتەختی ئوردنەوە رایگەیاند، ناوەندی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەگەڵ عێراق، سووریا، ئوردن و لوبنان دادەمەزرێنن. سەبارەت بە رووداوەکانی لازقییە رایگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی سەقامگیریی سووریا و بەلاڕێدابردنی رووداوەکان. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی وڵاتانی دراوسێی سووریا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئوردن، سووریا و لوبنان لە عەممان رێکخست. هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی نێوخۆیی سووریا و هەوڵەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە کرد. 
 
هاکان فیدان باسی لەوەکرد، تورکیا پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم شاندی وڵاتانی عێراق، ئوردن، سووریا و لوبنان بۆ دامەزراندنی ناوەندی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی داعش. 
 
راشیگەیاند، تورکیا و هەر چوار وڵات لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش کۆکین. هەر پێنج وڵات خەباتی بێ وچانیان هەبووە و دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش: "پێشنیازەکەمان لەسەر بنەمای ئەوە بووە، داعش بە تەنیا دوژمنی یەک وڵات نییە، دوژمنی هاوبەشی هەمووانە و هەڕەشەیە بۆ هەمووان". 
 
جەختی لەوەش کردەوە، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی پێشەنگ بووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش. هەروەها "ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە زۆرترین زیانی بەم پێنج وڵاتە گەیاندووە، بۆیە ناکرێت وڵاتێک بە تەنیا لە دژی داعش بجەنگێت و ئەوانی دیکەش دەستەوسان بن". 
 
رووداوەکانی ناوچە کەناراوەکانی سووریا کە بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شەڕ و پێکدادانە بەردەوامەکانی چوار رۆژی رابردوودا هەزار و 131 کەس کوژراون. لەم ژمارەیەدا 231 سەرباز و ئاسایشی حکومەتی سووریا، 250 چەکدار و لایەنگرانی رژێمی بەشار ئەسەد و 830 خەڵکی سڤیل کوژراون. 
 
هاکان فیدان لەو بارەیەوە داوای لە عەلەوی، دورزی، کریستیان و نوسەیرییەکان-ی سووریا کرد خۆیان لە کێشەکان بەدوور بگرن و چاویان لە ئارامی و سەقامگیری وڵات بێت. راشیگەیاند، گرنگە لەم ئاڵۆزییەدا گیان و ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل پارێزراو بێت، بەتایبەتی دامودەزگای گشتی و تایبەت. 
 
روونیکردەوە، چارەسەرکردنی دۆخەکە یەکێک بوو لە مژارە هەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکە و رایگەیاند، هەمووان کۆکن لەسەر هاوکاریکردنی حکومەتی نوێی سووریا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری. 
 
راشیگەیاند، چەند هەفتەیەکە حکومەتی سووریا بەبێ گوێدانە ئەو هەوڵە تێکدەرانەی چەند لایەن و وڵاتێک، درێژە بە کارەکانی دەدات لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی. رووداوەکانیش هەوڵێک بوون بۆ بەلارێدابردنی کۆشش و پەکخستنی کارەکانی حکومەتە نوێیەکەی سووریا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە