رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی Times of Israelی راگەیاند، کۆتاییهێنان بە جەنگ بڕیارێکی "هاوبەش" دەبێت لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای واشنتە.
ترەمپ گوتی: "پێکەوە قسەمان کردووە، لە کاتی گونجاودا بڕیار دەدەم."
موجتەبا خامنەیی بووە شوێنگرەوەی باوکی
موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ، کوڕی عەلی خامنەیی، لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێرانەوە وەک رێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامی هەڵبژێردرا.
سوپای پاسداران، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و حووسییەکانی یەمەن پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد.
پێشتر ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی "هەر شوێنگرەوە"یەکی کردبوو، ترەمپیش گوتبووی: "ئەگەر رەزامەندیی ئێمەی لەسەر نەبێت، زۆر نامێنێتەوە."
ئیسرائیل و ئێران یەکدییان بۆردوومان کرد
دوای دیاریکردنی رێبەری نوێ، ئێران یەکەم گورزە مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و لە ئەنجامدا ژنێک بریندار بوو.
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زنجیرە هێرشێکی نوێی کردووەتە سەر ژێرخانی حکومەت لە نێوەڕاستی ئێران.
32 کەس لە بەحرێن بریندار بوون
وەزارەتی تەندروستیی بەحرێن رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر دوورگەی سیترە، 32 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون.
وەک راگەیێندراوەکە دەڵێ، هەموویان هاووڵاتیی بەحرێنین و دۆخی 4 کەسیان "مەترسیدارە" کە منداڵیشیان تێدایە.
هێرشی نوێ بۆ سەر کەنداو
دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بیسترا.
هەروەها قەتەر، سعودیە، ئیمارات و کوێت رایانگەیاند، هێرشی نوێیان کراوەتە سەر.
بەرگریی ئاسمانیی قەتەر مووشەکێکی تێکشکاند. لە سعودیەش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تەنێکەوە 2 کەس کوژران و 12ی دیکەش بریندار بوون.
شەڕ لە رۆژهەڵاتی لوبنان و بۆردوومانی بەیرووت
حیزبوڵڵا رایگەیاند، رووبەڕووی هێزێکی ئیسرائیلی بوونەتەوە کە بە هێلیکۆپتەر لە رۆژهەڵاتی لوبنان دابەزیون.
سەرچاوەکانی حیزبوڵڵا دەڵێن، هێلیکۆپتەرێکی ئیسرائیلیان خستووەتە خوارەوە، بەڵام ئیسرائیل پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی دووشەممە ژێرخانی حیزبوڵڵای لە بەیرووت بۆردوومان کرد.
ئەمریکا کارمەندەکانی لە سعودیە دەکشێنێتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی کرد بە کارمەندە ناپێویستەکان و خێزانەکانیان، لەبەر مەترسیی ئەمنی، سعودیە جێبهێڵن.
نرخی نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند
بەهۆی مەترسییەکانی جەنگەوە، نرخی نەوتی برێنت و تەکساس 100 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند.
لە سەرەتای جەنگەوە نەوتی تێکساس بە رێژەی 75% و برێنت 60% بەرزبووەتەوە. ترەمپ دەڵێت، ئەمە "باجێکی زۆر کەمە" بۆ لەنێوبردنی مەترسیی ئەتۆمیی ئێران.
پێنوێنی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزین
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار، کە یەکەمجارە لە 4 ساڵدا روودەدات، پێنوێنی بازاڕەکانی کۆریای باشوور و ژاپۆن بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزین.
حەوتەمین سەربازی ئەمریکی کوژرا
سوپای ئەمریکا کوژرانی حەوتەمین سەربازی لەم جەنگەدا راگەیاند، دوای ئەوەی سەربازێک بەهۆی برینەکەیەوە لە هێرشەکانی سەر سعودیە گیانی لەدەستدا.
6 سەربازەکەی دیکە لە هێرشێکی درۆنیدا لە کوێت کوژرابوون.
ماکرۆن لەگەڵ سەرۆکی ئێران قسە دەکات
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کرد و داوای کرد هێرشی سەر وڵاتانی ناوچەکە بوەستێنرێن.
ئەمە یەکەم پەیوەندیی سەرکردەیەکی رۆژئاواییە لەگەڵ ئێران لە سەرەتای جەنگەکەوە.
ئیسرائیل فسفۆری سپیی بەکارهێناوە
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (HRW) ئیسرائیلی بە بەکارهێنانی فسفۆڕی سپی لە گەڕەکە سڤیلنشینەکانی باشووری لوبنان تۆمەتبار کرد.
ئەم مادەیە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی مەترسیدار و لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ