بۆ یەکەمجار ئەمریکا ناردنی بارێک هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل راگرت

09-05-2024
نیاز مستەفا
چەند تانکێکی ئیسرائیل لە غەززە
چەند تانکێکی ئیسرائیل لە غەززە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شاری رەفەح دەکات. بەو هۆیەوە بەشێک لە ئاوارەکان شوێنەکانیان چۆڵ دەکەن. ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح، ناردنی بارێک هاوکاریی سەربازی راگرتووە.
          
محەممەد رەیحان، ئاوارەیە و دەڵێت: "ئێرە چۆڵ دەکەین بەهۆی ئەو نامیلکانەی سوپای ئیسرائیل بەریدایەوە بەسەرمان دا. پەیوەندییان پێوەکردین و پێیانگوتین تەواوی ناوچەکە چۆڵ بکەین، تەنانەت قوتابخانەکانیش." 
 
بیانووی ئیسرائیل بۆ ئۆپەراسیۆنەکە بە گوتەی خۆی، بوونی ژمارەیەک کەتیبەی حەماسە لەو شارەدا. دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە کاردانەوەی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی: "ئەندامان وەکو دەزانن لە سەرەتاوە زۆر روون بووین کە نابێت ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی رەفەح بکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل و پاراستنیان. دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیارماندا بە راگرتنی بارێکی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل."
 
راگرتنی ئەو هاوکارییە سەربازییە لەکاتێکدایە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی رابردووەوە ئەمریکا زیاتر لە 100 بار هاوکاریی سەربازی بۆ سوپای ئیسرائیل ناردووە. 
 
لەبارەی ئەو هەنگاوەی ئەمریکاوە، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لەگەڵ واشنتن ناکۆکییەکانیان لە ژوورە تاریکەکاندا چارەسەر دەکەن. 
 
واشنتن لە ئەگەری پێشڕەویی زیاتری سوپای ئیسرائیل و قوربانیی سڤیلی زۆر، بیری لە هەنگاوی دیکەش کردووەتەوە. 
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لەوە کرد: "بەردەوام دەبین لە کردنی ئەو شتەی کە پێویستە بۆ ئەوەی ئیسرائیل بتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵام ئێستا بەهۆی رووداوەکانی رەفەحەوە پێداچوونەوە بە ناردنی بڕێک هاوکاریی ئەمنی بۆ ئیسرائیل دەکەین."
 
رەفەح کەوتووەتە باشووری کەرتی غەززە و سەر سنووری میسر. پێش 7ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 275 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا ملیۆنێک و 700 هەزار کەسی تێدا دەژی. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە