ئیسرائیل بۆ حووسییەکان: وەڵامی تووندتان دەدەینەوە

09-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئیسرائیل مووشەکێکی ئاراستەکراوی حووسییەکانی یەمەنی خستەخوارەوە، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە گوتی، "بە هێزەوە وەڵامی" حووسییەکان دەدەنەوە و گوتیشی، "مووشەکەکە ئێرانی بووە."
 
رۆژی هەینی 09-05-2025 یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ئێکس نووسی: "حووسییەکان لە ئاراستەکردنی مووشەکی ئێرانی بۆ ئیسرائیل بەردەوامن. هەروەک بەڵێنمان دابوو، بە هێزەوە وەڵامی یەمەن دەدەینەوە و ئەوەی پێویست بێت دەیکەین."
 
پێش ئەو راگەیێندراوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێکیان تێکشکاندووە کە لە یەمەنەوە تەقێندرابوو.
 
حووسییەکانی یەمەن کە کۆنترۆڵی خاکێکی زۆری وڵاتەکەیان کردووە، بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆگرت.
 
بزووتنەوەکە رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بنگۆریۆنیان لە تەلئەڤیڤ کردووەتە ئامانج.
 
ئەم هێرشە دوای هێرشێکی رۆژی 4ـی ئەم مانگە هات کە حووسییەکان بە مووشەکێکی "بالیستیی دەنگبڕ" هەمان فڕۆکەخانەیان کردە ئامانج. مووشەکەکە توانی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل تێپەڕێنێت و لە تێرمیناڵێکی فڕۆکەخانەکە بدات.
 
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە تشرینی دووەمی 2023 دەستیپێکردووە، حووسییەکان هاوسۆزیی خۆیان بۆ حەماس دەربڕیوە و چەندین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و ئیسرائیل. 
 
سێشەممەی ئەم هەفتەیە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەخت و لە سێ وێستگەی کارەباشی دا، ئەوەش دوای بۆردوومانێکی فڕۆکە ئەمریکییەکان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی یەمەن هات.
 
دواتر بە نێوەندگیریی عومان، حووسییەکان و ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتن و رایانگەیاند، ئەم رێککەوتنە بۆ "دڵنیابوونەوەیە لە ئازادیی هاتووچۆی کەشتییەکانی دەریای سوور."
 
حووسییەکان گوتیان، ئەوان لە بەئامانجگرتنی ئیسرائیل و کەشتییەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن؛ گوتیشیان لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ واشنتن هیچ ئاماژەیەک بە ئیسرائیل نەدراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە