رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی ئەمنیی سعودیە دەڵێن، 300 هەزار کەسیان لە مەککە دورخستووەتەوە، کە تۆمار نەکراون و ویستوویانە بە ڤیزەی گەشتیاری حەج بکەن.
میدیای فەرمیی سعودیە دەڵێت، 153 هەزار و 998 کەسی بیانی گەیشتوونەتە مەککە و "ویستوویانە بە ڤیزەی گەشتیاری حەج بکەن و رێکارە یاساییەکانی حەجکردنیان نەکردووە."
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "171 هەزار و 587 کەسی دیکە کە لە سعودیە نیشتەجێن، بەڵام دانیشتووی مەککە نین، مۆڵەتی حەجکردنیان نەبووە و ویستوویانە حەج بکەن."
ئەوقافی هەرێمی کوردستانیش دژی ئەو جۆرە حەجەیە. بەرپرسێک لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ کاتێک پشتگیریی ئەو جۆرە حەجە ناکەین و بەرپرسیش نین لەو کەسانە، چونکە پێشتریش هۆشداریمان دابوو کە کاری لەو جۆرە نایاساییە."
بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، "ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە لە سعودیە حەج دەکەن. ئێمە تەنیا پشتیوانی لەو کەسانە دەکەین و بۆ کەسانی دیکە هیچمان پێ ناکرێت."
بەرپرسانی مەککە دەڵێن، ئەم ساڵ 1.3 ملیۆن کەس بە یاسایی بۆ حەجکردن گەیشتوونەتە سعودیە.
بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، ساڵی پار 1.8 ملیۆن کەس بە مەبەستی حەجکردن چوونە سعودیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ