رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی بەلەمێکی هاوکاری کە بەرەو غەززە دەچوو و چالاکڤانانی تێدابوو، تورکیا بە تووندی سەرکۆنەی ئیسرائیلی کرد و رووداوەکەی بە "هێرشێکی قێزەون" وەسفکرد.
بەلەمی "مادلین" رۆژی 1ـی حوزەیران لە ئیتاڵیاوە بۆ هۆشیارکردنەوە لەبارەی کەمیی خۆراک لە غەززە بەڕێکەوت، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە "برسیترین شوێنی سەر زەوی" وەسفی کردووە.
رۆژی دووشەممە، 09-06-2025، تورکیا رایگەیاند، "دەستوەردانی هێزەکانی ئیسرائیل لە بەلەمی مادلین لەکاتێکدا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بووە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە،" و رووداوەکەی بە "هێرشێکی قێزەون"ـی حکومەتی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وەسفکرد.
هاوپەیمانیی کەشتیی ئازادی (FFC) رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان [بە کاتی هەولێر]، دەستیان بەسەر بەلەمەکەدا گرتووە، کاتێک لە غەززە نزیک دەبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هاووڵاتیی تورکیا لەنێو سەرنشینەکاندا بوون و ماڵپەڕی FFC ئاماژەی بەوە کردووە کە 12 کەس لە 7 وڵاتی جیاوازەوە لەسەر بەلەمەکە بوون، لەنێویاندا دوو هەڵگری پاسپۆرتی تورکی.
حەماسیش لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی کرد و دەڵێت، بەلەمی "مادلین" بەرەو بەندەری ئەشدۆدی ئیسرائیل دەبرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "چاوەڕوان دەکرا بەلەمەکە ئێوارە بگاتە وشکانی،" بەرپرسانی کۆنسووڵخانەکەیان "هەنگاوی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە ئازادکردنیان".
وەزارەتەکە پێشتریش رایگەیاندبوو، "هەڵسوکەوتی تووندوتیژ و یاساشکێنانەی ئیسرائیل ئەو دەنگانە کپ ناکات کە بەرگری لە بەها مرۆییەکان دەکەن و کاردانەوەی رەوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە سیاسەتە جینۆسایدییەکانی ئیسرائیل، کە برسێتی وەک چەک لە غەززە بەکاردەهێنێت و رێگری لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی دەکات، بەردەوام دەبێت".
دەستبەسەرداگرتنی بەلەمەکە 15 ساڵ دوای ئەوە دێت کە کۆماندۆکانی ئیسرائیل هێرشێکیان کردە سەر بەلەمی تورکیی "ماڤی مەڕمەڕە"، کە چالاکڤانانی بەرەو غەززە دەبرد و بووە هۆی کوژرانی 10 هاووڵاتیی سڤیل، کە هەموویان هاووڵاتیی تورکیا بوون.
هێرشەکە قەیرانێکی دیپلۆماسیی چەندین ساڵەی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا دروستکرد، کە لە ساڵی 2022ـدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان بە تەواوی ئاسایی کردەوە، بەڵام بەهۆی جەنگی ئیسرائیل دژی حەماس لە غەززە، ئەو ئاشتەواییە تێکچوو.
جەنگەکە بەهۆی هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە بەپێی داتای فەرمی، بووە هۆی کوژرانی 1,218 کەس لە ئیسرائیل، کە زۆربەیان سڤیل بوون.
ئیسرائیلیش بە هێرشێکی سەربازیی بەردەوام وەڵامی دایەوە کە بە گوتەی تەندروستیی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 54,880 کەس، کە زۆربەیان سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ