رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل هەر جۆرە کردەوەیەکی دووژمنکارانە دژی ئەو وڵاتە ئەنجام بدات، تاران هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە نهێنییەکانی ئیسرائیل.
رۆژی دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە ئاڵۆزەکەی هێزەکانی ئێران و دەستکەوتە گەورەکەیان"، بەشێکی سەرەکی بووە لە پلانێکی ژیرانە و کردەی نهێنیی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر پڕوپاگەندەی دووژمناندا.
ئەو ئەنجوومەنە دەشڵێت، "بەشێکی دیکەی گرنگی پلانەکە بریتی بووە لە هەوڵە بەردەوامەکانی هێزە چەکدارەکان بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی ئۆپەراسیۆنی کە لەگەڵ لاوازی و بەهێزییەکانی رژێمی داگیرکەری زایۆنی و پشتیوانەکانی بگونجێت."
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بە بەڵگەنامە نهێنییەکان کرد و گوتی، "دەستگەیشتن بەم زانیارییانە و تەواوکردنی سووڕی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی، تواناکانی هێزەکانی ئێرانی زیاتر کردووە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئێران توانایان هەیە "دەستبەجێ بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە شاراوەکانی [ئیسرائیل]، وەڵامی هەر دووژمنکارییەکی ئەگەریی رژێمی زایۆنی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵات بدەنەوە".
ئەنجوومەنەکە پێی وایە، ئێران دەتوانێت رووبەڕووی هەر "کردەیەکی زیانبەخش" دژی ژێرخانی ئابووری و سەربازیی ئێران ببێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیڵاعاتی ئێران رایگەیاند، دەستیان بە "گەنجینەیەکی گرنگ"ـی زانیاری لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئیسرائیلەوە گەیشتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی نەخستەڕوو.
هەروەها وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران گوتیشی، زانیارییەکان زۆر بە نهێنی گەیاندراونەتە ئێران و بەم زوانەش بڵاویان دەکەنەوە.
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل، کە بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییە نافەرمییەکەیەوە بە تاکە وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێت، دانیناوە بە ئەنجامدانی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە لەلایەن ئێرانەوە.
ئەم بانگەشەیەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری دەرکردنی بڕیارێکی سەرکۆنەکردن لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە دژی ئێران، بەهۆی پرسیارە بێ وەڵامەکان لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ