رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار بۆ لەنێوبردنی ژێرخانی حیزبوڵڵای لوبنانی، هێزەکانیان چوونەتە نێو باشووری لوبنان.
لە راگەیێنراوێکی سوپاکەدا هاتووە: "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و دەستنیشانکردنی چەک و ژێرخانی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان، سەربازەکان ئۆپەراسیۆنی تایبەت و ئامانجداریان بۆ لەنێوبردنیان دەستپێکرد، بۆ ئەوەی رێگری لە حیزبوڵڵا بکرێت جارێکی دیکە خۆی لە ناوچەکەدا رێکبخاتەوە."
سوپاکە ڤیدیۆیەکی بە ناونیشانی "دیمەنی ئۆپەراسیۆنێکی شەوانەی ئامانجداری لیوای 9 لە باشووری لوبنان،" بڵاوکردەوە کە تێیدا سەربازەکان بە پیادە دەبینرێن.
لە راگەیێنراوەکەی سوپادا هاتووە، لیوای 9 لە ناوچەی (لەبوونە) بووە کە دەکەوێتە نزیک سنوور. هەروەها هێزەکانی لیوای 300 لە ناوچەی (جەبەل بلات) ئۆپەراسیۆنیان کردووە، کە ئەویش نزیکە لە سنوورەوە.
سەرەڕای ئاگربەستەکەی مانگی تشرینی دووەم لەگەڵ حیزبوڵڵا، ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان بەردەوام بووە و زۆربەی کات دەڵێت پێگە و چەکدارانی حیزبوڵڵا دەکاتە ئامانج، بەڵام هەندێکجار ئەندامانی حەماسیشی کردوونەتە ئامانج، کە هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە.
ئاگربەستەکەی 27ـی تشرینی دووەم بۆ کۆتاییهێنان بوو بە زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا، کە دوو مانگ شەڕی سەرتاسەری لەخۆگرتبوو و بووە هۆی لاوازبوونی گرووپەکە.
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست، دەبوو حیزبوڵڵا چەکدارەکانی بۆ باکووری رووباری لیتانی، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر (20 میل) لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە بکشێنێتەوە، بەجۆرێک کە تەنیا سوپای لوبنان و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تاکە لایەنی چەکدار بن لە ناوچەکەدا.
داوا لە ئیسرائیلیش کرابوو هێزەکانی بە تەواوی لە وڵاتەکە بکشێنێتەوە، بەڵام لە 5 شوێن کە بە ستراتیژییان دەزانێت، هێشتوونییەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ