وەزارەتی دەرەوەی عێراق پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو غەززە سەرکۆنە دەکات

09-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو کەرتی غەززە سەرکۆنە دەکات.
 
وەزارەتەکە شەوی رابردوو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، عێراق بە "تووندترین شێوە" ئەو پلانە سەرکۆنە دەکات حکومەتی ئیسرائیل پەسندی کردووە و ئامانجی کۆنترۆڵکردنی هەموو کەرتی غەززەیە. 
 
وەزارەتەکە دەڵێ، ئەو هەنگاوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق باس لەوەش دەکات کە "عێراق بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە ئەم پلانە گرژیهێنەرە رەتدەکاتەوە کە درێژکراوەی سیاسەتی برسیکردن، ئاوارەکردن و کۆمەڵکوژییە کە داگیرکەر دژی هاووڵاتییانی سڤیلی بێگەرد لە غەززە پەیڕەوی دەکات. ئەم کردەوانە بە تاوانی جەنگ دادەنرێن و پێویستە لێپرسینەوەی نێودەوڵەتییان لەسەر بکرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لە هەڵوێستی عێراق و پشتیوانیی لە "مافە رەواکان"ی گەلی فەلەستین کردەوە، لە سەرووشیانەوە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە جۆرێک کە پایتەختەکەی قورس- ئورشەلیم بێ.
 
وەزارەتەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتیی یاسایی و مرۆیی خۆی لە ئەستۆ بگرێ و دەستبەجێ کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە