رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەکەن و بە "هەنگاوێکی گرنگ" بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکە دەبینن. بەڵام هاوکات نیگەرانی خۆی لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی بە تایبەتی لە سنوورە هاوبەشەکان دەربڕی.
دوای ئەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، 'رێککەوتنی ئاشتی'یان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چەندین دەیەی نێوانیان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هەڵویستی تارانی لەبارەی ئەو پێشهاتەوە روونکردەوە.
رۆژی شەممە، 9ی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بێ گومان ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی قەوقاز لە قازانجی هەموو وڵاتانی ناوچەکەدایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە گەیشتن بە دەقی کۆتایی رێککەوتنی ئاشتی لە لایەن دوو وڵاتەوە دەکات و ئەم پەرەسەندنە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکە هەڵدەسەنگێنێت. هاوکات نیگەرانیی خۆی لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بە هەر شێوەیەک و فۆرمێک دەردەبڕێت، بەتایبەتی لە دەوروبەری سنوورە هاوبەشەکان، کە ئەمەش ئاسایش و سەقامگیری هەمیشەیی ناوچەکە تێکدەدات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ رەوتی هەنووکەیی ناوچەی قەوقازی باشوور دەکات و سەبارەت بەم پێشهاتانە لەگەڵ هەردوو وڵاتی دراوسێ، کۆماری ئازەربایجان و کۆماری ئەرمینیا لە پەیوەندیدایە."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پەسندکردنی هەموو رێوشوێنە سیاسی، یاسایی و ئابوورییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی، پێیوایە کە دامەزراندنی رێڕەوی پەیوەندییەکان و کردنەوەی بەربەستی تۆڕەکانی پەیوەندیکردن، خزمەت بە سەقامگیری، ئاسایش و گەشەسەندنی ئابووری نەتەوەکانی ناوچەکە دەکات، کاتێک لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە و بەبێ دەستێوەردانی بیانی بێت."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری ناوچەکە لە رێگەی هاوکاریی دوولایەنە و ناوچەیی وەک میکانیزمی 3+3 ئامادەیە بۆ درێژەدان بە هاوکاریی بنیاتنەر و قازانجی هاوبەش لەگەڵ هەردوو کۆماری ئازەربایجان و کۆماری ئەرمینیا.
رۆژی هەینی، 8ی ئابی 2025، ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، 'رێککەوتنی ئاشتی'یان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چەندین دەیەی نێوانیان.
دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هەردوو وڵاتەکەی قەوقازی باشوور پابەندن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئەرمینیا و ئازەربایجان پابەندن کە بۆ تاهەتایە هەموو جەنگ بوەستێنن، دەست بە پەیوەندیی بازرگانی، گەشتیاری و دیپلۆماسی بکەن و رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی بگرن."
هەردوو وڵات بۆ نزیکەی چوار دەیە لە ناکۆکیدا بوون و بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی قەرەباخ، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ناگۆرنۆ-قەرەباخ ناسراوە، چەند جارێک جەنگی خوێناوییان کردووە.
ئەو ناوچەیە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا زۆربەی دانیشتووانەکەی ئەرمەنی بوون، بەڵام دەکەوێتە چوارچێوەی خاکی ئازەربایجانەوە. هەردوو وڵات لە بە چەندین پێکدادانی پڕ لە تووندوتیژی کە لە دەیان ساڵدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس، شەڕیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە کرد، لە کاتێکدا هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی شکستیان هێنا.
لە دوایین پێشهاتدا، ئازەربایجان لە ساڵی 2023 هەموو قەرەباخی کۆنترۆڵکردەوە و لەگەڵ ئەرمینیا لە گفتوگۆدا بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ