وەزارەتی تەندروستیی غەززە: مردن بە بەدخۆراکی گەیشتە 212 کەس

09-08-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، 11 کەسی دیکە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 212 کەس، کە 98 یان منداڵن.
 
ئەمڕۆ شەمممە، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، لانیکەم 38 کەس کوژراون و 491 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ژمارەی قوربانییەکان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، لە کاتێکدا راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە مۆڵەتی 7ی تشرینی یەکەمی 2025 بۆ دانیشتووان دیاری کراوە تاوەکو شاری غەززە چۆڵ بکەن، ئەمەش دوای راگەیاندنی پلانێکی مشتومڕاوی ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتەکە.
 
پلانە نوێیەکە، کە لەلایەن کابینەی جەنگیی ئیسرائیلەوە پەسند کراوە و رۆژی هەینی وردەکارییەکانی ئاشکرا کران، پێنج بنەما بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە لەخۆدەگرێت، کە یەکێکیان "دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکەیە".
 
میدیای ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە پلانەکە سەرەتا تیشک دەخاتە سەر کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی شاری غەززە و گواستنەوەی نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتووەکەی بۆ باشووری ناوچەکە.
 
رۆژی هەینی، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ پێشنیازی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە پەسند کرد. حەماس ئەمریکا بە بەرپرسیار دادەنێت و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا و ناوچەکەش سەرکۆنەی بڕیارەکە دەکەن.
 
جەنگی ئیسرائیل و حەماس 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشێکی حەماس دەستیپێکرد و وەڵامی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا. حەماس لە هێرشەکەی 1200 کەسی کوشت و 251ـی دیکەی بە بارمتە گرت. لە کەرتی غەززەش زیاتر لە 60 هەزار کەس کوژراون.
 
ئیسرائیل کۆنترۆڵی 75٪ـی کەرتی غەززەی کردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل تاڕادەیەک خۆی لە چوونە نێو ئەو 25٪ـی دیکە بەدوورگرتووە، کە زۆربەی خەڵکی سڤیل و کەمپی ئاوارەکان دەگرێتەوە و لەنێویشیان شاری غەززە لە نێوەڕاستی کەرتەکە لەخۆدەگرێت. 
 
سوپای ئیسرائیل پێیوایە زۆربەی بارمتەکانی ماون لەو ناوچانە دەستبەسەرن و ترسی ئەوەیان هەیە لەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو ناوچانە بکات و حەماسیش لە بەرامبەردا ئەو بارمتانە بکوژێت.
 
ئەو 25٪ـی ماوەتەوە نزیکەی 800 هەزار فەلەستینی تێدا دەژی و زۆربەیان پێشتر چەندین جار ئاوارە بوون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە