رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە نەکوژراون.
حەماس باس لەوە دەکات، لە هێرشەکەدا شەش کەس کوژراون. لەنێویاندا: جیهاد لەبەد، هومام خەلیل حەییە، عەبدوڵڵا عەبدولواحید، موئمین حەسون و ئەحمەد مەملووک.
بزووتنەوە فەلەستینییەکە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە بە "تاوان و پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناودەبات و دەشڵێت، دەرخەری ئەوەیە ئیسرائیل هیچ رێککەوتنێکی ناوێ.
بەگوتەی حەماس، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی لە دەوحە بۆ ئەوە بووە تاوتوێی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکەن.
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حەماس کە لە دەرەوە دەژین، بریتین لە محەممەد دەروێش، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا، خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حەماس، زاهیر جەبارین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی نووسینگەی شەهیدان، برینداران و زیندانییەکان کە هاوکات بەرپرسی بواری دارایی بزووتنەوەکەیە. نزار عەوزەڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید مەشعەل، کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەکە کە زۆرجار وەک کەسی یەکەمی حەماس لە دەرەوە دادەنرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ