رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشێکی درۆنیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیک شاری سەیدا، سێ کەس کوژراون؛ سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەندامانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22-12-2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لە نزیک شاری سەیدا (10 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شارەکە) لە باشووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە هەر سێ سەرنشینەکەی کوژراون.
هاوکات سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان "لە چەندین ئەندامی حیزبوڵڵایان لە ناوچەی سەیدا داوە"، بەبێ ئەوەی ناسنامەی کوژراوەکان ئاشکرا بکات.
ئیسرائیل سەرەڕای بوونی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، بەردەوامە لە هێرشەکانی و حیزبوڵڵا بە دووبارە پڕچەکبوونەوە تۆمەتبار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی لوبنان لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 چەک لە حیزبوڵڵا وەربگرێتەوە و دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانیدا (30 کیلۆمەتر دوور لە سنووری ئیسرائیل) بسەپێنێت.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و سەربازیی وڵاتەکە، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتالیا رایگەیاند، ئامانجیان لە دانوستاندنەکان "راگرتنی کردەوە تووندوتیژییەکان، کشانەوەی ئیسرائیل و گەڕانەوەی ئاوارەکانە."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەدوای واژۆکردنی ئاگربەستەکەوە، زیاتر لە 340 کەس لەو وڵاتە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون؛ سوپای ئیسرائیلیش تاوەکو ئێستا هێزەکانی لە پێنج ناوچەی ستراتیژیی باشووری لوبنان هێشتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ