قاهیرە؛ مەسرور بارزانی دوای کۆشکی کۆماری سەردانی قەڵای سەلاحەدینی ئەیووبی کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری قاهیرە لەگەڵ سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی کرایەوە. هاوکات سەرۆکی حکومەتی کوردستان سەردانی قەڵای سەلاحەدینی ئەییووبی کرد.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە کرا. دوێنێ مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە میسر.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە، لەلایەن عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسرەوە پێشوازی لێکرا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی میسر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە نیشان دا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەربڕی.
 
مەسرور بارزانی و عەبدولفەتاح سیسی، باسیان لە "گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا" کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی رۆڵی میسر و سەرۆک سیسی کرد لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
 
سەردانی بۆ شوێنەواری سەرکردەیەکی کورد
 
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ میسر، مەسرور بارزانی سەردانی قەڵای مێژوویی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری قاهیرە کرد و بەشەکانی ئەو قەڵایەی بەسەرکردەوە.
 
قەڵای سەلاحەدین یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهان و قاهیرە، کە لەلایەن سەرکردەی گەورەی کورد، سەلاحەدینی ئەیووبی وەک قەڵایەکی سەربازی بۆ پاراستنی شارەکە دروستکراوە.
 
ئێوارەی 20-12-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قاهیرە و لە لایەن ئەحمەد فوئاد هنو، وەزیری رۆشنبیری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری پێشوازی لێکرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە