رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس دەڵێت، لە بەرامبەر هەر بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە غەززە، بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەکوژن.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەبو عوبێدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسام کە باڵی چەکداریی حەماسە، پەیامێکی دەنگیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە بەرامبەر هەر بۆدوومانێک کە ئیسرائیل دەیکاتە سەر غەززە، ئەوان بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەکوژن.
ئەبو عوبێدە دەڵێت، "بڕیارمانداوە کۆتایی بەمە بهێنین و بۆ ئێستا، رایدەگەیێنین کە هەر ئامانجکردنێکی خەڵکەکەمان لە ماڵەکانیاندا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بەداخەوە کوژرانی یەکێک لەو بارمتە سڤیلانەی لێدەکەوێتەوە کە لای ئێمەن."
لای خۆیەوە، ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هۆشداریی دایە حەماس لە ئەگەری ئەوەی زیان بە بارمتەکان بگەیێنن کە لە ئیسرائیلەوە براونەتە غەززە و گوتی کە ئیسرائیل رژدە لەسەر گەڕانەوەی ئەو بارمتانە "بە رۆحێکی بەرپرسیارێتیی هاوبەشەوە."
کۆهین گوتی، "داوا لە حەماس دەکەین ئازاری هیچ بارمتەیەک نەدات. ئەم تاوانی جەنگە مایەی لێبووردن نییە."
گوتەبێژی باڵە چەکدارییەکەی حەماسیش دەڵێت، "دووژمن لە زمانی مرۆڤایەتی و رەوشتی تێناگات. بۆیە بە زمانێک وەڵامیان دەدەینەوە کە تێبگەن."
ئەوە لەکاتێکدایە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 800 هاووڵاتی ئیسرائیلیش لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ