نەتەنیاهوو: میسر لە هەوڵی هێرشەکە ئاگاداری نەکردووینەتەوە

09-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دییجتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک چەکداری حەماس لە ئیسرائیلدا ماون و ئەو هەواڵەش رەتدەکاتەوە کە دەڵێت، پێش هێرشەکە هەواڵگریی میسری ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە. 
 
شەوی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا گوتی، "حەماس داوای جەنگی کرد و باجەکەی دەدات." گوتیشی تاوەکو ئێستا ژمارەیەک چەکداری بزووتنەوەی حەماس لە ناوچەکانیان ماون. 
 
نەتەنیاهوو داوا لە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات "حکومەتی باری لەناکاو پێکبهێنن." دەشڵێت، لەگەڵ بایدن لەسەر هێڵم.. کەشتیگەلی هەڵگری فڕۆکەی ئەمریکی بەڕێوەیە بۆ ناوچەکەمان." 
 
پێشتر میدیای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە 10 رۆژ پێش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەرپرسانی هەواڵگریی میسر ئیسرائیلیان لە هەوڵەکە ئاگادارکردووەتەوە. 
 
لەو بارەیەوە، نەتەنیاهوو گوتی، "ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن پێشتر میسر لە پلانی هێرشەکە ئاگاداریکردووینەتەوە، هەواڵی ساختەیە."
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، پێگەی Ynetـی ئیسرائیلی لەسەر زاری بەرپرسێکی هەواڵگریی میسری کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، راگەیاند: "جەنەرال عەباس کامیل، وەزیری هەواڵگریی میسر، 10 رۆژ پێش هێرشەکە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە و پێی راگەیاندووە کە گرووپەکانی غەزە خەریکی شتێکی نائاسایین".
 
ئەو بەرپرسە ئەوەشی راگەیاندووە، کە ئەوان تووشی سەرسووڕمان بوون لەوەی کە نەتەنیاهۆ هیچ گرنگییەکی بەو گوتانەی وەزیری هەواڵگری میسر نەداوە. 
 
ئەو هەواڵەی پێگە ئیسرائیلییەکە ناڕەزایی شەقامی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە و داوا دەکەن کە حکومەت روونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە بدات. 
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 
تائێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 800 هاووڵاتی ئیسرائیلیش لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە