چی بەسەر پرۆژەی The Lineی سعودیە هات؟ باڵەخانە 170 کیلۆمەترییەکە بەرەو کوێ؟

09-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە ساڵی 2017 دەسەڵاتی گرتە دەست، پرۆژەیەکی زۆر گەورە و ئەندێشەیی راگەیاند بۆ دروستکردنی شارێکی نوێ بەناوی "نیۆم."
 
گرنگترین بەشی پرۆژەکە، دروستکردنی باڵەخانەیەکی زۆر درێژ بوو بەناوی "زە لاین" (هێڵەکە)، کە بڕیار بوو درێژییەکەی 170 کیلۆمەتر بێت و شوێنی نۆ ملیۆن کەسی تێدا ببێتەوە.
 
پرۆژەکە بە خەیاڵی وەسف دەکرا. بۆ نموونە، بڕیار بوو دەرەوەی باڵەخانەکە وەک ئاوێنە بێت، کە بیابانەکەی دەوروبەری تێیدا وێنە بداتەوە، تەنانەت باڵەخانەیەکی 30 نهۆمی هەڵواسراویشی تێدا بوو.
 
بەڵام ئێستا، وەک رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی باسی دەکات، ئەم خەونە گەورەیە تووشی کێشەی گەورە بووە. کاری بیناسازییەکە زۆر خاو بووەتەوە، یان راگیراوە و وەبەرهێنەرە بیانییەکان بەهۆی تێچووی زۆرەوە کشاونەتەوە، بۆیە داهاتووی پرۆژەکە لە مەترسیدایە.
 
جگە لەوەش، "ژمارەیەکی زۆر کرێکار" لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، کە ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
 
پرۆژەکە زۆر لە وادەی خۆی دواکەوتووە. پلانی سەرەکی ئەوە بوو کە چەندین بەشی گەورەی لێ دروست بکرێت بۆ ملیۆنان کەس، بەڵام ئێستا پلانەکە بچووک کراوەتەوە بۆ تەنیا سێ بەش. بڕیار بوو تا ساڵی 2030 بەشێکی گەورەی تەواو بێت، بەڵام تا ئێستا تەنیا کاری بناخەکەی کراوە.
 
بەهۆی ئەم بچووککردنەوەیە، رازیکردن و راکێشانی وەبەرهێنەران زۆر قورستر بووە. یەکێک لە بەڕێوەبەرەکان دەڵێت: "پرۆژەکە شایەنی ئەوە نییە پارەی لێ خەرج بکرێت." حکومەتی سعودیە هیوای خواستبوو پارەی دەرەکی بۆ پرۆژەکە رابکێشێت، بەڵام ئێستا وەبەرهێنەرە بیانییەکان نایەنە پێشەوە.
 
کاتێک ویستوویانە لێکۆڵینەوە لەسەر کێشەکان بکەن، شازادە محەمەد رێگەی نەداوە. کارمەندەکانیش دەڵێن "کەس ناوێرێت راستییەکان بە بەرپرسان بڵێت."
 
سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە، حکومەت بە فەرمی دەڵێت کارکردن "بەردەوامە و خێراتر بووە." بەڵام پێگەی فیوچەریزمی ئەمریکی دەڵێت زۆربەی کارەکان راگیراون، جگە لە دروستکردنی چەند باڵەخانەیەک نەبێت.
 
بناخە و پایە زەبەلاحەکانی کە بۆ پرۆژەکە دانرابوون، ئێستا وردە وردە لم و خۆڵی بیابان دایاندەپۆشێت.
 
شارەزایەکی بواری پلاندانانی شارستانی دەڵێت: "ئەم جۆرە پرۆژانە تەنیا بۆ نێو ئەندێشە و بیرکردنەوە باشن، نەک بۆ ئەوەی لەسەر زەوی دروست بکرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.