وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: ئێران لە ئاوە هاوبەشەکان دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرتووە

10-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، ئێران لە ئاوە هاوبەشەکاندا دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرتووە کە ئاڵای تانزانیای هەڵکردووە.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی چوارشەممە 10-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەشتییەک کە ئاڵای تانزانیای هەڵکردبوو، هاتبووە ئاوە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران؛ بەڵام لایەنی ئێرانی نزیکتر بووە لە کەشتییەکە، بۆیە رای کێشاوەتە ئاوەکانی خۆیەوە، بەپێی قسەی بەڕێوەبەری دەستەی دەریاوانیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە، کەشتییەکە نەهاتووەتە نێو ئاوی عێراقەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، ئێستا کەشتییەکە لای ئێرانە، زانیارییان لەبارەیەوە نییە و نازانن چی بارکردووە.
 
سنووری ئاوی، بەتایبەتی لە ناوچەی شەتولعەرەب، ماوەیەکی زۆرە بابەتێکی ناکۆکیی نێوان عێراق و ئێرانە، هەردوو وڵات لە 1975 رێککەوتنی جەزائیریان کرد، بەڵام دواتر رژێمی پێشووی عێراق لێی پاشگەزبووەوە.
 
لە مانگی ئەیلولی 2023 ئێران بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی نەوت لە ئاوی کەنداو دەستیگرت بەسەر دوو کەشتی گواستنەوەی نەوت.  محەممەد شەریف ، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزی دەریای سوپای پاسداران دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا گرت، ئاڵای پەنەما و تانزانیا-یان هەڵکردبوو کە زیاتر لە 1.5 ملیۆن لیتر نەوت و گازی ئێرانیان بارکردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە