رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت، عەممان و واشنتن بەردەوامن لە هاوئاهەنگییەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سووریا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی شاری حەلەب تاوتوێ کراون و، هەردوولا جەختیان لە پابەندیی وڵاتەکانیان کردووەتەوە بۆ پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی ئامانجیان چەسپاندنی ئاگربەست و دەستەبەرکردنی "کشانەوەی ئاشتییانەی" هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە لەو شارە.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکە ئاماژە بە پێویستیی جێبەجێکردنی دەستبەجێی ئەو رێککەوتنە کراوە کە لە 10ی ئاداری 2025 لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە واژۆ کراوە."
لە 6ی ئەم مانگەوە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەستپێکردووە و بەردەوامە، بەهۆیەوە دەیان کەس بوونەتە قوربانی و هەزارانیش ئاوارە بوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن باسی لەوەش کردووە، "لەگەڵ لایەنی ئەمریکی کۆکن لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەی کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوەیدا و سەقامگیرکردنی باشووری سووریا کە لە 16ی ئەیلوولی 2025دا پەسند کراوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ