ترەمپ نیازی خۆی بۆ 'خاوەنداریێتیکردن'ـی غەززە دووپات دەکاتەوە

10-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە نیازی خۆی بۆ "خاوەنداریێتیکردن"ـی کەرتی غەززەی فەلەستین دووپات دەکاتەوە. 
 
ترەمپ لە کاتی رۆیشتنی بەرەو نیووئۆرلینز بۆ سەیرکردنی یاریی سووپەر بۆوڵ، لە نێو فڕۆکەکەیدا گوتی "من، سوورم لەسەر کڕین و خاوەنداریێتیکردنی غەززە. سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەکەشی، رەنگە بیدەینە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی هەندێ بەشی ئاوەدان بکەنەوە. دەکرێت خەڵکی دیکە لەژێر چاودێریی ئێمەدا ئەو کارە بکەن."
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ "ئێمە، سوورین لەسەر خاوەنداریێتیکردن و وەرگرتنی غەززە و دڵنیابوونەوە لەوەی حەماس ناگەڕێتەوە نێوی."
 
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، بەنیازە لەسەر ئەم بابەتە، قسە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بکات و دەڵێت، ئەو وڵاتانە رازیدەبن فەلەستینییەکان وەربگرن. 
 
جەختیش دەکاتەوە لەوەی؛ ئەگەر فەلەستینییەکان بژاردەیەکیان بەدەستەوە بێت، غەززە جێدەهێڵن. 
 
پلانەکەی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە ناڕەزایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە. تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئەمریکاشی نیگەران کردووە. 
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، پلانەکەی ترەمپ، "ئابڕووچوونە."  
 
لە دیبەیتێکی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەڵمانیا، شۆڵتز گوتی "راگواستنی میللەتێک، قبووڵنەکراوە و دژی یاسای نێودەوڵەتییە."
 
فرێدریک مێرتز، رکابەری نەریتخوازی شۆڵتزیش هاوڕابوو و گوتی "هەمان لێکدانەوەم هەیە."
 
تاوەکو ئێستا، تەنیا ئیسرائیل پێشوازی لە پلانەکە کردووە. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی رۆژی یەکشەممە، پلانەکەی بە "وەرچەرخێنەر" ناوبرد. 

 

 

 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە