رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، 10 کەشتی و بەلەمی ئێرانیان تێکشکاندووە کە تایبەت بوون بە دانانەوەی مین. دەشڵێت، ئەگەر ئێران تەنگەی هورمزی مینڕێژ کردبێت، پێویستە مینەکان لابدات؛ دەشڵێت، ئەو کارە نەکات، دەبێت باجەکەی بدات.
رۆژی سێشەممە، 10ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیال سەبارەت بە ئەگەری مینڕێژکردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "لە چەند کاژێری رابردوودا 10 بەلەم و کەشتیمان تێکشکاندووە کە تایبەت بوون بە دانانەوەی مین".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەگەر ئێران هیچ مینێکی لە تەنگەی هورمز دانابێت، دەبێت دەستبەجێ لایان ببات"؛ دەشڵێت، "هەرچەندە هێشتا راپۆرتمان پێنەگەیشتووە کە مین دانرابێت، بەڵام داوای لادانیان دەکەین".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر مینەکان دەستبەجێ لانەبرێن، لێکەوتە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران لە ئاستێکدا دەبن کە پێشتر نەبینراوە. ئەگەر ئێران ئەو مینانە لابدات کە رەنگە دانرابن، ئەوا هەنگاوێکی گەورە و دروست دەنێت".
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هاتن کە میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، هەواڵگری وڵاتەکەیان زانیاری پێگەیشتووە کە ئێران دەستی بە مینڕێژکردنی تەنگەی هورمز کردووە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا وئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی، ئێران هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر وڵاتانی کەنداو.
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، ئێران تەنگەکەی داخستووە و هەڕەشەشی لە هەر کۆمپانیا وڵاتێک کردووە کە هەوڵی تێپەڕینی کەشتییەکانیان بەو تەنگەدا بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ