رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی بەحرەین رایگەیاند، شێخ حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای ئەو وڵاتە پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا کردووە، ئەمەش نوێترین دیداری سەرۆکە کاتییەکەیە لەگەڵ سەرۆکەکانی ناوچەکەدا لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە مانگی کانوونی یەکەم.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی بەحرەین رایگەیاند، شێخ حەمەد لە کۆشکەکەیدا میوانداریی شەرعی کردووە و "گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکان و دەرفەتەکانی بەهێزکردنی پێکەوەکاکردن" لە بوارە جیاجیاکاندا کردووە.
میدیاکە باس لەوە دەکات، دوو سەرۆکەکە "باسیان لە پێشهاتە هەرێمییەکان کردووە" و "گفتوگۆکان دوایین پێشهاتەکانی سووریا و رێگاکانی پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیان لەخۆگرتووە."
لەو کاتەوەی لە هەشتی کانوونی دووەمەوە دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی بە سەرکردایەتیی شەرع کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا، شەرع سەردانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات و پایتەختەکانی دیکەی ناوچەکە و ئەورووپای کردووە.
ئەمە یەکەم سەردانی فەرمییەتی بۆ بەحرەین.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ شەرع، عەبدولـلەتیف بن راشد زەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین گوتی، گفتوگۆیان لەبارەی "رێگەکانی پێکەوەکارکردنی دووقۆڵی و رێگەکانی بەهێزکردن و پەرەپێدانی لە کەرتە جیاجیاکاندا کردووە، لەوانە بازرگانی، فڕۆکەوانیی سڤیل، وزە، تەندروستی و پەروەردە".
بەحرەین یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتان کە ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێیەکانی دیمەشق دوای رووخانی ئەسەد دەربڕی.
لە نامەیەکدا بۆ شەرع، تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوەی هێزەکانی پایتەختی سووریایان گرت، شا حەمەد "ئامادەیی بەحرێنی بۆ بەردەوامبوون لە راوێژ و هاوئاهەنگی لەگەڵ سووریا و پشتیوانیکردن لە رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان" دەربڕیبوو.
بەحرەین لە ماوەی شەڕی نێوخۆی سووریادا کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەسەد بڕین، بەڵام لە ساڵانی دواتری ململانێکەدا جارێکی دیکە ئاسایی کردنەوە.
شای بەحرێن لە لووتکەیەکی کۆمکاری عەرەبیدا کە لە مانگی ئایاری 2024 لە مەنامە میوانداری کرا، چاوی بە ئەسەد کەوتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ