ئیسرائیل چالاکڤانانی بەلەمی مادلین دیپۆرت دەکات

10-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، گرێتا تونبێرگ، چالاکڤانی سوێدی و هاوڕێکانی کە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بە غەززە دەستگیرکران، دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە. 
 
ئەمەش دوای ئەوەی هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر بەلەمەکەیاندا گرت و نەیانهێشت گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بشكێنن کە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی هەموو دانیشتووانی بەهۆی برسێتی لە مەترسیدان.
 
گرووپە چالاکڤانەکە 1ی حوزەیران بە بەلەمی 'مادلین' لە ئیتاڵیاوە بەڕێکەوتبوون و خۆراک و پێداویستییان بۆ کەرتی غەززە هەڵگرتبوو.
 
هێزەکانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا دەستیان بەسەر بەلەمەکەدا گرت و گواستیانەوە بۆ بەندەری ئوسدود.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بەلەمەکە بە "یەختی سێڵفیگرتن" ناودەبات و دەڵێت، سەرنشینەکانی "گەیشتنە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن بۆ ئەوەی ئیسرائیل جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان." 
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانەی رەتیدەکەنەوە بەڵگەنامەکانی دیپۆرتکردن واژۆ بکەن و ئیسرائیل جێبهێڵن، رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێنەوە."
 
هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی، کە گرووپێکی چالاکڤانە و بەلەمەکەی بەڕێوەدەبرد، رایگەیاند، هەر 12 چالاکڤانەکە "کاری یاساییان بۆ دەکرێت و لە لایەن دامودەزگەکانی ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کراون." 
 
گرووپە چالاکڤانەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گوتی: "رەنگە رێگەیان پێبدرێت ئەمشەو زوو لە تەلئەڤیڤەوە بفڕن."
 
ڤیدیۆیەکی پێشووتر کە لەلایەن گرووپەکەوە بڵاوکرایەوە، پێشانیدەدات کە چالاکڤانان دەستیان بەرزکردووەتەوە لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل دەچنە سەر بەلەمەکە و یەکێکیان دەڵێت هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
 
تورکیا دەستبەسەرداگرتنەکەی وەک "هێرشێکی قێزەون" سەرکۆنە کرد و ئێرانیش بە "جۆرێک لە چەتەگەریی دەریایی" لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ناویبرد.
 
مانگی ئایار، کەشتییەکی دیکەی هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی بە ناوی 'کۆنسێنس'، لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی نزیک ماڵتا بە درۆن هێرشی کرایە سەر، کاتێک بەرەو غەززە دەڕۆیشت، چالاکڤانان هێرشەکەیان دایە پاڵ ئیسرائیل.
 
لە ساڵی 2010، هێرشێکی کۆماندۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتیی تورکی 'ماڤی مەڕمەڕە'، کە بەشێک بوو لە هەوڵێکی هاوشێوە بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی سەر کەرتی غەززە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 کەسی سڤیل.
 
رۆژی یەکشەممە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، گەمارۆکە بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی چەک بە غەززە، پێویستە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.