ئیسرائیل بەندەری حودەیدەی یەمەنی بۆردوومان کرد

10-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندایە و دەڵێت، لە دوای هێرشەکەش مووشەکێک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
 
رۆژی سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییە جەنگییەکانیان "ئامانجە تیرۆریستییەکانی سەر بە رژێمی تیرۆریستیی حووسییەکان"یان لە حودەیدە لە کەنارەکانی دەریای سوور کردە ئامانج.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی هێرشەکە ئەوە بووە کە رێگری بکرێت لە "بەکارهێنانی بەندەرەکە بۆ مەبەستی سەربازی."
 
ئیسرائیل لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023وە چەندین هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن، لەنێویاندا بەندەرەکان و فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەخت. هێرشەکان لە وەڵامی ئەو مووشەک و درۆنانە بوون کە حووسییەکان ئاراستەی ئیسرائیلیان کردووە.
 
حووسییەکان دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ پشتیوانیکردنی فەلەستینییەکانە. ئەوان لە ماوەی ئاگربەستە دوو مانگییەکەی غەززەدا کە لە مانگی ئادار کۆتایی هات، هێرشەکانیان راگرت، بەڵام دوای دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، دەستیان بە هێرشەکانیان کردەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێک بەرەو ئیسرائیل هەڵدراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل لێیداوە.
 
هەروەها ئەمڕۆ میدیای حووسییەکان بڵاویکردەوە، "دوو هێرشی دووژمنی ئیسرائیل، بەندەری حودەیدەیان کردە ئامانج."
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "رێکخراوی تیرۆریستی حووسیمان ئاگادارکردەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە ئاراستەکردنی مووشەک بە ئاراستەی ئیسرائیل، رووبەڕووی وەڵامێکی بەهێز دەبنەوە و گەمارۆی دەریایی و ئاسمانییان دەخرێتە سەر."
 
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل زۆربەی ئەو مووشەکانەی خستووەتەوە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانەوە لە ماوەی شەڕی غەززەدا ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە