وردەکاریی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر؛ چ جۆرە چەکێک بەکارهێنراوە و بۆچی شکستی پێنەهێنرا؟

10-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دیمەنێکی ساتی هێرشەکە. وێنە: AFP
دیمەنێکی ساتی هێرشەکە. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل رۆژی سێشەممە هێرشی مووشەکیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و رایگەیاند، سەرکردە باڵاکانی حەماس، لەنێویاندا شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوە فەلەستینییەکەی کردووەتە ئامانج، ئەوەش لەکاتێکدا شاندەکە سەرقاڵی گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشنیازێکی ئاگربەست. 

قەتەر هێرشەکەی وەک پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرییەکەی شەرمەزارکرد، هەروەها چەندین وڵات کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکە هەبوو، زۆربەیان سەرکۆنەیان کرد. 
 
چی روویدا؟
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، نزیکەی کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی قەتەر [هەمان کات بە کاتی هەولێر]، دەنگی ژمارەیەک تەقینەوەیەک لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بیستران و دووکەڵی رەش بە ئاسمانی شارەکە بەرزبووەوە. 
 
نزیکەی کاژێرێک دوای دەنگی تەقینەوەکان، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە بە مووشەک دەوحەی کردووەتە ئامانج. دواتریش وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی سەرکۆنە کرد.
 
ئەمە یەکەمجارە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر قەتەر؛ ئەو وڵاتەکەی شاندی دانوستاندنکاری ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی جەنگی غەززەدا چەندین جار سەردانی کردووە. 
 
کوێی قەتەر کرایە ئامانج؟
 
هێرشەکە کرایە سەر ئامانجێک لە ناوچەی لێقتایفییە لە دەوحە کە چەندین باڵیۆزخانە، قوتابخانە، بازاڕ و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی لێیە. هەر لەو ناوچەیە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی بیانی دەژین. 
 
حەماس چی دەڵێت؟
 
دوای هێرشەکە ژمارەیەک بەرپرسی حەماس بە میدیای قەتەریان راگەیاند، لە هێرشەکەدا دانوستاندنکارانی بزووتنەوەکە کراونەتە ئامانج. حەماس گوتی، هێرشەکە لە کاتێکدا روویداوە شاندی دانوستاندنکاری بۆ تاوتوێکردنی نوێترین پێشنیازی ئاگربەست کە لە لایەن ئەمریکاوە پێشکێش کراوە، لە کۆبوونەوەدا بوون.
 
سوهەیل هندی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەڵێت، سەرکردایەتیی گرووپەکە لە دەوحە کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ بەرپرسێکیان نەکوژراوە. 
 
لەنێو ئەوانەی کرابوونە ئامانج، سەرکردە باڵاکانی وەک خەلیل حەییە و خالید مەشعەل هەبوون. بەگوتەی سوهەیل هندی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا یەکێک لە کوڕەکانی خەلیل حەییە بەناوی هومام، هەروەها یەکێک لە یاردەدەرە باڵاکانی خەلیل حەییە کوژراون.
 
چی لەبارەی قوربانییەکانەوە دەزانین؟
 
جگە لە هومامی کوڕی حەییە و یاریدەدەرێک، قەتەر پشتڕاستی کردەوە کە لانیکەم یەک بەرپرسی ئەمنی قەتەری لە هێرشەکەدا کوژراوە. هەروەها ژمارەیەک ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکانی قەتەر بریندار بوون.
  
قەتەر دەڵێت، "تیمە تایبەتمەندەکان بەردەوامن لە پشکنین و پاراستنی ناوچە ئامانجدارەکە لەگەڵ بەشی تەقەمەنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی."
 
بزووتنەوەی حەماسیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە گشتی 6 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون. 
 
چ جۆرە چەکێک بەکارهاتووە؟
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، مووشەکی وردبین (PGMs)ـی لە هێرشەکە بەکارهێناوە. لەکاتێکدا وردەکارییەکان سەبارەت بە چەکە بەکارهێندراوەکان بە فەرمی بڵاونەکراونەتەوە، هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل (IDF) بەکارهێنانی چەکی وردپێک و زانیاریی هەواڵگری پشتڕاستکردەوە بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، زیانە گیانییەکانی هاووڵاتییانی سڤیل کەم بکەنەوە. 
 
میدیای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی سوپاوە رایگەیاند، لە هێرشەکەدا سوپا 15 فڕۆکەی جەنگی بەکارهێناوە و بە 10 بۆمب بارەگاکەی حەماسیان کردووەتە ئامانج.
 
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی نەیتوانیوە شکست بە هێرشەکە بهێنێت، چونکە لە لایەن راداراوە پێی نەزانراوە. 
 
ئیسرائیل لە بەشێکی زۆری هێرشە ئاسمانییەکانیدا فڕۆکەی F-35 بەکاردەهێنێت. 
 
ئیسرائیل پێشتر مووشەکی SPICE (Smart, Precise Impact, Cost-Effective) بەکارهێناوە، کە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی دروستی کردووە. ئەم مووشەکانە بۆمبی ئاسایی دەگۆڕن بۆ بۆمبی زیرەک و وردبین، واتە بە وردی شوێنی خۆیان دەدۆزنەوە و دەیپێکن. رێژەی هەڵەی بازنەیی ئەم مووشەکانە تەنیا نزیکەی 3 مەترە.
 
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سووتەمەنییان تێکراوەتەوە. 
 
کێ ئاگاداری هێرشەکە بووە؟
 
کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا پێشتر ئاگادارکرابووەوە لەبارەی هێرشێکی ئاسمانی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر.
 
بە گوێرەی کۆشکی سپی، ترەمپ لەڕێگەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قەتەری لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە. 
 
بەڵام شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا 10 خولەک دوای هێرشەکە زانیارییان پێداون.
 
ترەمپ ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند و گوتی، "دڵخۆش نیم" بەم هێرشە؛ ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە بۆردوومانکردنی وڵاتێکی خاوەن سەروەری و هاوپەیمانی ئەمریکا وەک قەتەر، زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاش دەگەیێنێت.
 
ترەمپ پەیوەندی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەرەوە کرد و دڵنیایی دایە میری قەتەر کە رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نابێتەوە.
 
ئیسرائیل چی دەڵێ؟
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە لە تۆڕی ئێکس نووسی، ئیسرائیل بە تەنیا لە هێرشەکەدا رۆڵی گێڕاوە.
 
نووسینگەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "چالاکیی ئەمڕۆ دژی سەرکردە باڵاکانی تیرۆریستی حەماس، ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆی ئیسرائیلی بوو."
 
بنیامین نەتەنیاهوو و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، دوای هێرشەکەی رۆژی 8ی ئەم مانگەی چەکدارە فەلەستینییەکان لە قودس/ئۆرشەلیم فەرمانی هێرشەکان داوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 08-09-2025، فریاگوزاریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردن لە قودس/ئۆرشەلیم 6 کەس کوژراون و لانیکەم 15 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
دواتریش حەماس بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری پێیان وابوو ئۆپەراسیۆنەکە بە تەواوی رەوایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرکردایەتی حەماس کۆمەڵکوژی 7ی تشرینی یەکەمی دەستپێکرد و رێکیخست و لەو کاتەوە وازی لە کردە کوشندەکان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی نەهێناوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە