رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 9ـی ئەیلوول، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی کتوپڕی کردە سەر ئامانجێکی دیاریکراو لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، ئامانجی هێرشەکە شاندێکی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماس بوو، هەرچەندە هێرشەکە بێ قوربانی نەبوو، بەڵام ئامانجەکەی بە وردی نەپێکا و ئەندامانی شاندەکە رزگاریان بووە.
قەتەر هەزار و 400 کیلۆمەتری ئاسمانی لە ئیسرائیلەوە دوورە، کە دەکاتە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتری زەوینی، لەو هێرشەدا فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ئاسمانی چوار وڵاتیان بڕیوە تاوەکو گەیشتوونەتە ئامانجەکەیان.
10 فڕۆکە 10 مووشەکیان گرتووەتە ئامانجەکە
کەناڵ 14ی ئیسرائیل، کە ئاژانسێکی فەرمییە لەو وڵاتە، راپۆرتێکی لەبارەی ئۆپۆراسیۆنەکەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل سنووری ئاسمانی ئوردن، سووریا، عێراق و سعودیەی بەزاندووە تاوەکو گەیشتوونەتە ئامانجەکەیان لە دەوحە، کە تێیدا 10 فڕۆکەی جەنگی هێرشەکانیان ئەنجامداوە و 10 مووشەکیان گرتووەتە شوێنی کۆبوونەوەکەی شاندی حەماس.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەرکردایەتیی حەماسیان لە دەوحە کردووەتە ئامانج، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرانۆتی عیبری ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە کراوە، بەڵام زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
بۆردوومانەکە بە چ مووشەکێک کراوە؟
ئەمە یەکەمجارە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر قەتەر؛ ئەو وڵاتەکەی شاندی دانوستاندنکاری ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی جەنگی غەززەدا چەندین جار سەردانی کردووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، مووشەکی وردبین (PGMs)ـی لە هێرشەکە بەکارهێناوە. لەکاتێکدا وردەکارییەکان سەبارەت بە چەکە بەکارهێندراوەکان بە فەرمی بڵاونەکراونەتەوە، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) بەکارهێنانی چەکی وردپێک و زانیاریی هەواڵگری پشتڕاستکردەوە بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، زیانە گیانییەکانی هاووڵاتییانی سڤیل کەم بکەنەوە.
میدیای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی سوپاوە رایگەیاند، لە هێرشەکەدا سوپا 15 فڕۆکەی جەنگی بەکارهێناوە و بە 10 بۆمب بارەگاکەی حەماسیان کردووەتە ئامانج.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی نەیتوانیوە شکست بە هێرشەکە بهێنێت، چونکە لە لایەن راداراوە پێی نەزانراوە.
لەکاتی هێرشەکەدا بەنزین کراوەتەوە نێو فڕۆکە جەنگییەکان
ئیسرائیل لە بەشێکی زۆری هێرشە ئاسمانییەکانیدا فڕۆکەی F-35 بەکاردەهێنێت. پێشتر مووشەکی SPICE (Smart, Precise Impact, Cost-Effective) بەکارهێناوە، کە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی دروستی کردووە. ئەم مووشەکانە بۆمبی ئاسایی دەگۆڕن بۆ بۆمبی زیرەک و وردبین، واتە بە وردی شوێنی خۆیان دەدۆزنەوە و دەیپێکن. رێژەی هەڵەی بازنەیی ئەم مووشەکانە تەنیا نزیکەی 3 مەترە.
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سووتەمەنییان تێکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ