رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەڵێن، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر و بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای حەماس، کۆشکی سپی و راوێژکارانی باڵای سەرۆکی ئەمریکا، شۆک و تووڕە دەکات.
هێرشەکەی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێکی بێدەنگی شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەکاتێکدا بوو بەرپرسانی باڵای حەماس کۆببوونەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پلانی نوێی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن تیمی ئیدارەی ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو. بەرپرسانی ئەمریکاش چاوەڕوانی وەڵامی حەماس بوون، بەڵام هێرشە لەناکاوەکەی ئیسرائیل، بەرپرسان و راوێژکارانی ئیدارەی ترەمپ تووڕە دەکات.
"راوێژنەکردنی ئیسرائیل ئەمریکا تووڕە دەکات"
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، تیمی سەربازیی ئەمریکی ئەوکاتە بە پلانی هێرشەکەی ئیسرائیل دەزانن، کاتێک بۆ یەکەمجار فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئاسمانی کەنداو دەبینن. دواتر کۆشکی سپی داوای روونکردنەوە دەکات و ئەوکات ئیسرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە کە زیاتر لە 10 فڕۆکەی جەنگی چەند خولەکێکی دیکە بەرپرسانی باڵای حەماس لە دەوحە دەکەنە ئامانج. تاوەکو ئەوکاتەشی ئەو پەیامە دەگاتە واشنتن، مووشەکەکانی ئیسرائیل تەقێندرابوون.
دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی بە میدیای ئەمریکایان راگەیاندووە، راوێژکارانی ترەمپ "تووڕە" بوون لەوەی ئیسرائیل نە راوێژی بە ئیدارەکە کردووە و نە داوای رەزامەندیی پێشوەختەی کردووە. هێرشەکەش لەکاتێکدا بووە کۆشکی سپی چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی حەماس بووە بۆ پێشنیازەکەی ترەمپ.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، پشتڕاستی کردەوە سوپای ئەمریکا پێش هێرشەکە ئاگاداری ئیدارەکەی کردووەتەوە. ترەمپیش دوای ئاگادارکردنی، داوا لە ستیڤ ویتکۆفی نێردەی تایبەتی خۆی دەکات تاوەکو تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر بکات و لە هێرشەکە ئاگاداریان بکاتەوە، بەڵام مووشەکەکان تاوەکو ئەو کاتە ئامانجەکانیان پێکابوو.
هەڵوێستی ترەمپ
دوای هێرشەکە، ترەمپ بە جیا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و میری قەتەر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر قسەی کردووە. گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت "سەرۆک ترەمپ نیگەرانی خۆی بە نەتەنیاهوو گەیاندووە و جەختی لەسەر پێویستیی پێشخستنی ئاشتی کردووەتەوە."
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، نەتەنیاهوو وەڵامی ترەمپی داوەتەوە و پێیڕاگەیاندووە کە ئەو پێیوایە هێرشەکە ئاشتی بەدەست دەهێنێت.
"ئیسرائیل چەندین مانگە ئامادەکاریی بۆ هێرشەکە دەکات"
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئیسرائیل چەند مانگێک لەمەوبەر دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ هێرشکردنە سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەی غەززە. ئیسرائیل ئەوانە تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە پشت هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە بوون.
بەرپرسانی قەتەری بەو رۆژنامە ئەمریکییەیان راگەیاندووە، هێرشەکەی ئیسرائیل لە دەوحە چەند خولەکێک دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی شاندی حەماس بووە.
هەروەها رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، میسر لە دوو هەفتەی رابردوودا هۆشداریداوە بە بەرپرسانی حەماس کە ئاگاداری خۆیان بن بەتایبەتی سەرکردە باڵاکانیان لە لوبنان و تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ