رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، گەمارۆدانی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نایاساییە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل رایگەیاندبوو، گەمارۆی تەواوەتی دەخەنە سەر کەرتی غەززە و رێگە نادەن لەمەودوا "نە خۆراک، نە سووتەمەنی، نە ئاو و نە کارەبا" بگەیێندرێنە کەرتەکە.
رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەپاندنی ئەو گەمارۆدانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی سڤیل نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەدەستبهێنن و ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە، رێگەپێنەدراوە".
هاوکات، رێکخراوی خۆراکی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات، بە زووترین کات رێڕەوێکی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بکرێتەوە و رێگە بدرێت دەرمان و خۆراکی لێوە رەوانەی کەرتەکە بکرێت.
رۆژی 9-10-2023، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانی بۆ سەرجەم هێزە زەوینی و دەریاییەکانی دەرکرد بە سەپاندنی گەمارۆی تەواو بەسەر کەرتی غەززە و گەمارۆکە بڕینی خۆراک، سووتەمەنی و کارەبا دەگرێتەوە.
تورک لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی روونە، پابەندبوونی گەیاندنی هاوکاریی بەردەوام بۆ ناوچە سڤیل نشینەکان و کەلوپەل و پێداویستی بە کارپێکراوی دەمێنێتەوە".
گەمارۆدانی تەواوەتی غەززە، بە گوتەی تورک، دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە غەززە خراپتر بکات، لەنێویاندا توانای دامەزراوە پزیشکییەکان بۆ کارکردن، لەکاتێکدا کە ژمارەی بریندارەکان بەردەوام بەرەو زیادبوون دەچێت.
لە 17 ساڵی رابردوودا ئیسرائیل گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی غەززەی داوە، لە 6 دەروازەی سەرەکی کۆنترۆڵی چوونی خۆراک، دەرمان، هاوکاری، هاتووچۆی غەززەییەکان بۆ نێو ئیسرائیل دەکات، دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی و بەشێك لە سەرچاوە ئاوییەکانی غەززەش لەلایەن ئیسرائیلەوەیە، کە بە گوێرەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی دەیگۆڕێت.
رووبەری کەرتی غەززە نزیکەی 360 کیلۆمەتر دووجایە؛ سەرووی 2 ملیۆن فەلەستینی تێیدا دەژین و بە یەکێك لە قەرەباڵخترین ناوچەکانی جیهان لە رووی رووبەر بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان، دادەنرێت.
بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر 10 خێزانی دانیشتووی غەززە پێنجیان ئاسایشی خۆراکیان دابین نەکراوە. هەر هەزار کەس لە غەززە یەک قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیان بەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ