قەیس خەزعەلی بۆ ئیسماعیل هەنییە: بۆ هەر کارێک ئامادەین

10-10-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قەیس خەزعەلی و ئیسماعیل هەنییە بە تەلەفۆن قسەیان کرد و پێکەوە لەبارەی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل قسەیان کرد. 

بەگوێری راگەیێندراوێکی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، رۆژی سێشەممە، 10-10-2023، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.  
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، قەیس خەزعەلی گوتوویەتی، "عێراق بە خەڵک و حکومەت و بەرگرییەوە پابەندە بە هەڵوێستەکەیان کە پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین دەکەن؛ هەموو هاووڵاتییەکی دڵسۆزی عێراق پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین و دۆزە دادپەروەرانە و بەرگرییەکەی دەکات کە داستانی قارەمانانەیان لە ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسادا پیشانداوە".
 
خەزعەلی گوتوویەتی، "گرووپەکانی موقاوەمەی عێراق ئامادەن بۆ هەر کارێک کە لێیان داوا بکرێت، لەوانە رزگاکردنی قودسی پیرۆز و سەرخستنی گەلی فەلەستینی".
 
لە بەرامبەردا ئیسماعیل هەنییە رایگەیاندووە، "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا زۆر ورد و چڕ بووە و وایکرد زایۆنی دووژمن هاوسەنگی لەدەستبدات و بشڵەژێت؛ هەموو ئەو کارانەی ئێستا دەیکات لە رێگەی پرۆسەی سزادانی بەکۆمەڵی هاووڵاتیانی غەززەوە هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی پێگەکەی کە بۆ هەمیشە لەدەستی دا".
 
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس سوپاسی خەڵکی عێراقی کردووە لە هەڵوێستەکانی و گوتوویەتی،" فەلەستنییەکان بە خەڵک و هێزەکانی بەرگرییەوە چاویان لەوانە لەم دۆخە مێژووییە هەستیار و گرنگ و وەرچەرخانەدا".
 
رۆژی شەممە بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتریش سوپای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. لەو کاتەوە شەڕی نێوان هەردوولا بەردەوامە و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەلەستین، زیاتر لە هەزار و 500 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی پێنج هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە