رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بەکاتی غەززە و هەولێر، ئاگربەست لە کەرتی غەززە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بە کشانەوە کرد بۆ ئەو هێڵەی رێککەوتنی لەسەر کراوە. دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ شوێنی بڕیار لەسەردراو، حەماس 72 کاژێری لەبەردەمدایە بۆئەوەی هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە، (20 زیندوو و 28 مردوو).
لە بەرامبەردا ئیسرائیل 250 بەندکراوی فەلەستینی کە سزای تاهەتاییان بۆ دەرکراوە، لەگەڵ 1700ی دیکە کە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکراون، ئازاد دەکات، (ئیسرائیل لیستی ناوی 250 بەندکراوەکەی بڵاوکردووەتەوە).
بڕیارە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاد بکرێت، بەشێوەیەک رۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە نێو غەززە.
ئاوارەکان لە باشووری کەرتی غەززە دەستیان بە گەڕانەوە کردووە بەرەو باکوور و دەچنەوە سەر ماڵ و حاڵە وێرانبووەکانیان.
کەلێن و نیگەرانییەکان
کەمێک پێش دەستپێکردنی ئاگربەست، ئیسرائیل چەند شوێنێکی غەززەی بۆردوومان کرد. بەرگریی شارستانیی غەززە هۆشداری دەدات کە هێشتا هەندێک شوێن مەترسیدارن و نابێت خەڵک بۆیان بگەڕێنەوە.
سەرەڕای ئاگربەست، ئیسرائیل رایگەیاندووە کە رەنگە لە هەندێک شوێن بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، بە گوتەی خۆی، بۆ "لە نێوبردنی هەر هەڕەشەیەک."
سەرکەوتنی تەواوەتیی ئاگربەست بەندە بە گەڕاندنەوەی بارمتە و بەندکراوان لە کاتی خۆیدا.
ئەو رێککەوتنەی ئێستا لایەنەکان لەسەری رازی بوون و کاری پێدەکەن، قۆناخی یەکەمە. هێشتا زۆر پرس هەن بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و ئیسرائیل و حەماس لەسەریان رێکنەکەوتوون، لەوانەش کێ لە داهاتوودا غەززە بەڕێوەدەبات؟ لەگەڵ کشانەوەی تەوەوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل و چەکدانانی حەماس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ