ئیسرائیل جەنگی راگرت و غەززەییەکان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان

10-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل ئاگربەستی راگەیاند و دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە غەززە کرد؛ هاوکات هەزاران ئاوارەی فەلەستینی دەستیان بە گەڕانەوە بۆسەر ماڵە وێرانبووەکانیان کرد.
 
دوای دوو ساڵ لە جەنگێکی سەخت و خوێناوی، کە لیژنەی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "جینۆساید"ی ئیسرائیل دژی غەززە پۆلێنی کردووە، ئەمڕۆ بەگوێرەی پلانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەنگەکە وەستا.
 
ئەمڕۆ هەینی 10ی تشرینی یەکەمی 2025 خێزانی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی لە کەرتەکەدا ماونەتەوە، هیوایان خواست ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێت.
 
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانی کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بە کاتی غەززە و هەولێر، شەڕیان وەستاندووە، ئەوەش "وەک ئامادەکارییەک بۆ رێککەوتنی ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان."
 
سێ کاژێر دواتر، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل قۆناخی یەکەمی کشانەوەی تەواو کردووە، کە لە پلانی ئاشتییەکەی ترەمپدا هاتووە.
 
دوای تەواو بوونی کشانەوەکە، ئەو مۆڵەتە 72 کاژێرییە دەستی پێکرد کە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بە حەماس دراوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل لیستی 250 بەندکراوی فەلەستینی بڵاوکردەوە کە سزای زیندانیی تاهەتایی دراون بەڵام بڕیارە ئازاد بکرێن، لەگەڵ هەزار و 700 بەندکراوی دیکە کە لەدوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستگیرکراون.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، کاروانی دوورودرێژی ئاوارەکانی فەلەستین لە شاری خان یوونسی باشوورەوە بەرەو ماڵە رووخاوەکانیان لە باکوور دەستپێکرد.
 
ئیتاڵیا رایگەیاند، نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە دەروازەی سنووریی رەفەح لەنێوان غەززە و میسر، رۆژی 14ی تشرینی یەکەم دەروازەیەک بۆ هاتووچۆی پیادە دەکاتەوە.
 
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، حەماس 47 بارمتە، 20ی زیندوو و 27ی مردوو، رادەست دەکاتەوە کە لە کۆی ئەو 251 کەسە ماونەتەوە لە هێرشەکەی دوو ساڵ لەمەوبەردا گیرابوون. 
 
هەروەها چاوەڕوان دەکرێ رووفاتی بارمتەیەکی دیکەش بگەڕێندرێتەوە کە لە ساڵی 2014ەوە لە غەززە بووە.
 
"خەم و برین"
 
بەرگریی شارستانیی غەززە پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکان و زرێپۆشەکانی ئیسرائیل لە بەرەکانی پێشەوە لە هەردوو شاری غەززە و خان یوونس دەکشێنەوە.
 
بەڵام ئیسرائیل هوشداری دا کە چوونە هەندێک ناوچە هێشتا قەدەخەیە و فەلەستینییەکان دەبێ خۆیان لە هێزەکانیان بەدوور بگرن، لەکاتێکدا "لە پرۆسەی رێکخستنەوەی پێگەکاندان لە کەرتی غەززە."
 
ئەمیر ئەبو ئەیادە، تەمەن 32 ساڵ، لە خان یوونس گوتی: "ئێمە بە برینداری و خەمەوە دەگەڕێینەوە بۆ ناوچەکانمان، بەڵام سوپاسی خودا دەکەین بۆ ئەم دۆخە."
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەت چوارچێوەی رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکانی پەسندکردووە.
 
نەتەنیاهوو گوتی: "هاووڵاتییانی ئیسرائیل، دوو ساڵ لەمەوبەر جەژنی (سیمحەت تەورات) بووە رۆژی ماتەمینیی نیشتمانی،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ جەژنێکی جووەکان کە شەوی دووشەممە دەستپێدەکات.
 
نەتەنیاهوو گوتی: "ئەم ساڵ جەژنی سیمحەت تەورات، بە پشتیوانیی خودا، دەبێتە رۆژی دڵخۆشیی نیشتمانی و ئاهەنگی گەڕانەوەی هەموو برا و خوشکە بارمتەکانمان دەگێڕین."
 
خێزانی ئالۆن ئۆهێل، کە یەکێکە لەو 20 بارمتە زیندووەی بڕیارە ئازاد بکرێن، رایگەیاند "هەستێکی زۆر خۆشمان هەیە" و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکەن.
 
خێزانەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتیان: "بە فرمێسکی خۆشییەوە، هەواڵی گەیشتن بە رێککەوتنمان پێگەیشت."
 
پێشتر ئیسرائیل رایگەیاندبوو، هەموو لایەنەکان لە دانوستاندنەکانی ئەم هەفتەیە لە میسر، قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەستیان واژۆ کردووە و گوتیشی، ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەلایەن حەماسەوە "کۆتایی بەم جەنگە دەهێنێت."
 
"خۆشی و خەم"
 
سەرەڕای ئاهەنگگێڕان لە ئیسرائیل و غەززە و لێشاوی پەیامەکانی پیرۆزبایی لەلایەن سەرکردەکانی جیهانەوە، هێشتا زۆر کێشە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، لەوانە پرسی چەککردنی حەماس و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی راگوزەر بۆ غەززە.
 
ئوسامە حەمدان، بەرپرسی باڵای حەماس بە میدیای قەتەریی گوت، ئەوان دەسەڵاتی راگوزەر رەتدەکەنەوە.
 
ترەمپ دەڵێ، پرسی چەکدانانی حەماس لە قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتییەکەدا چارەسەر دەکرێت.
 
محەممەد موغەییر، بەرپرس لە دەزگای بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، ئەو ناوچانەی هێزەکانی ئیسرائیل لێی دەکشێنەوە بریتین لە کەمپەکانی تەل هەوا و شاتی لە شاری غەززە کە هەردووکیان لە هەفتەکانی رابردوودا ئۆپەراسیۆنی چڕی ئاسمانی و زەوینیی ئیسرائیلیان بەخۆوە بینیبوو، لەگەڵ بەشێک لە خان یوونس.
 
دانیشتووانی چەندین ناوچەی کەرتی غەززەش بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوت، وا دیارە سوپای ئیسرائیل لەو پێگانەی رۆژی پێنجشەممە لەژێر دەستیدا بوون، کشاوەتەوە.
 
ئاریج ئەبو سەعادە، تەمەن 53 ساڵ دەڵێ: "دڵخۆشم بە ئاگربەست و ئاشتی، هەرچەندە دایکی کوڕ و کچێکم، کە هەردووکیان شەهید بوون، خەمی قووڵیان بۆ دەخۆم. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاگربەستەکە خۆشیشی تێدایە: دەگەڕێینەوە ماڵەکانمان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.