وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: کورد نەتەوەیەکی مەزنە

10-11-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵاترین دیپلۆماتی ئیسرائیل دەڵێت، "کورد نەتەوەیەکی مەزنە". ئاماژە بەوەش دەکات، "ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کەمینەیە. بۆیە بەشێوەیەکی سرووشتی دەبێتە هاوپەیمانی کەمینەکانی دیکە."
 
رۆژی یەکشەممە، 10-11-2024 گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی نوێی ئیسرائیل لە رێوڕەسمێکدا لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە ئۆرشەلیم-قودس قسەی کرد و گوتی: "کورد نەتەوەیەکی مەزنە. یەکێکن لەو نەتەوانەی کە سەربەخۆیی سیاسییان نییە". 
 
گیدیۆن سار گوتی، "ئەوان [نەتەوەی کورد] هاوپەیمانی سرووشتیی ئێمەن". 
 
دوای ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە 05-11-2024 یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، ئیسرائیل کاتسی وەزیری دەرەوەی لە شوێنی دەستنیشانکرد و گیدیۆن ساریش وەک وەزیری دەرەوە دیاریکرد. 
 
گیدیۆن سار ئەمڕۆ گوتی: "دەبێت کەمینەکانی ناوچەکە یەکبگرن" و گوتیشی، "کورد قوربانیی ستەمکاریی ئێران و تورکیایە. پێویستە ئیسرائیل دەستی پێیان بگات و پەیوەندییان لەگەڵ بەهێز بکات."
 
وەزیرە نوێیەکەی ئیسرائیل باسی نەتەوەی درووزەکانی لوبنان و سووریای کرد و گوتی، "ئێمە لە ناوچەکەدا کەمینەین؛ بۆیە بە شێوەیەکی سرووشتی کەمینەکانی دیکە هاوپەیمانمانن". 
 
رۆژی 08-11-2024 لەدوای یاریی یانەی ئەیاکسی هۆڵەندی و مەکابی تەلئەڤیڤی ئیسرائیلی لە پاڵەوانێتیی یۆرۆپالیگ، شەڕ و پێکدادان روویدا و ژمارەیەک هاندەری یانە ئیسرائیلییەکە برینداربوون و سێ کەسیش شوێنبزربوون. پێشتر تیمە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هۆشدارییان دابوو لەوەی هێرش بکرێتە سەر هاندەرانی یانە ئیسرائیلییەکە، بۆیە لەگەڵ تیمە ئەمنییەکان، ئەفسەرانی مۆسادیش لەگەڵ یانە و هاندەران چووبوونە ئەمستەردام. 
 
سار لەبارەی ئەو رووداوە گوتی: "وەزارەتی دەرەوە، هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکانی بێهیوا کرد، داوامکردووە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل بکرێت بۆ ئەوەی چیدیکە رووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە. کاتێک هەڵەیەک روودەدات، نابێت دایپۆشی، پێویستە چارەسەری بکەیت."
 
پۆلیسی هۆڵەندا رایگەیاند، 60 کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکران. لەلایەکی دیکە، بنیامین نەتەنیاهوو بڕیاریدا دوو فڕۆکە بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بنێرێت. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەڕڤانێکی یەپەگە

هەسەدە: لە باب وەڵامی هێرشێکمان دایەوە و سێ شەڕڤانمان شەهید بوون

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، رۆژی هەینی لە ناوچەی باب لە رۆژئاوای شاری منبج، وەڵامی هێرشێكی گرووپە چەکدارەکانیان داوەتەوە و ژمارەیەک چەکداریان کوشتوون، لە ئەنجامی شەڕەکەشدا سێ شەرڤان گیانیان لەدەستداوە.