رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە کەفالەتەکەی بە تەواوی درا، بەرپرسانی دادیی و پارێزەری هانیباڵ قەزافی، کوڕی سەرکردەی پێشووی لیبیا موعەممەر قەزافی، پشتڕاستیان کردەوە، کە پێشبینی دەکرێت لە زیندان ئازاد بکرێت.
هانیبال قەزافی، 49 ساڵە و پێشتر بە ژیانە شاهانەییەکەی ناسرابوو، لە ساڵی 2015ـەوە لە لوبنان بەبێ دادگاییکردن دەستبەسەر بوو.
تۆمەتەکەی پەیوەست بوو بە شاردنەوەی زانیاری لەسەر کەیسی دیارنەمانی ئیمام موسا سەدر، رێبەری دیاری شیعەکانی لوبنان و دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئەمەل، کە لە ساڵی 1978 لە کاتی سەردانێکی فەرمیدا بۆ لیبیا لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بێسەروشوێن بوو.
لۆران بایۆن، پارێزەرە فەرەنسییەکەی هانیبال قەزافی رایگەیاند، "کەفالەتەکە ئەم بەیانییە درا. هانیباڵ قەزافی لە کۆتاییدا ئازادیی خۆی بەدەست دەهێنێت. ئەمە کۆتایی کابووسێکە کە 10 ساڵی خایاند."
لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دادوەرێک بڕیاری ئازادکردنی هانیبال قەزافی بە کەفالەتی 11 ملیۆن دۆلار دەرکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی تیمی بەرگرییەکەی تانەیان لە بڕیارەکە دا، بڕی کەفالەتەکە لە هەفتەی رابردوودا بۆ 900 هەزار دۆلار کەمکرایەوە.
پارێزەرەکەی هانیبال ئاشکرای کرد، کوڕە 49 ساڵانەکەی قەزافی پلانی هەیە یەکسەر دوای ئازادبوونی لوبنان بەرەو شوێنێکی "نهێنی" بەجێبهێڵێت و پشتڕاستی کردەوە، کە پاسپۆرتی لیبیای پێیە.
کەیسی دیارنەمانی موسا سەدر، کە دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئەمەل بوو (ئێستا هاوپەیمانێکی سەرەکیی حیزبوڵڵایە)، بۆ دەیان ساڵ بووەتە هۆی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان لوبنان و لیبیا. بەیرووت حکومەتی موعەممەر قەزافی بە بەرپرسیار دەزانی لە دیارنەمانی سەدر و هاوڕێکانی.
هانیباڵ قەزافی، کە هاوسەرگیری لەگەڵ نمایشکاری لوبنانی ئەلین سکاف کردووە، دوای راپەڕینەکەی ساڵی 2011 لە لیبیا، هەڵاتبوو بۆ سووریا. لە کانوونی یەکەمی 2015، لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە لە سووریا رفێندرا و بردرایە لوبنان، پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی لوبنانەوە رزگار بکرێت و دواتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە کەیسی سەدر دەستبەسەر کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ