رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پەیوەندی و دیدارەکان لەگەڵ شاندی سووریا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن.
نووسینگەی نەتەنیاهوو دەڵێت: "پەیوەندی و دیدار بە چاودێریی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەبووە، بەڵام بابەتەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ سووریا".
ئەم روونکردنەوەی نووسینگەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە هات، میدیای ئیسرائیلی بڵاویان کردەوە کە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، رەتی کردووەتەوە واژۆ لەسەر رێککەوتن لەگەڵ سووریا بکات کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بووە.
ئیسرائیل لە ساڵێکدا 600 هێرشی کردووەتە سەر سووریا
لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل ئەو ناسەقامگیرییەی قۆستەوە و بە شێوەیەکی بەرچاو و سیستماتیک هەڵمەتە سەربازییەکانی لەناو خاکی سووریادا پەرەپێدا. ئۆپەراسیۆنەکان زۆربەی ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکەیان کردە ئامانج، لەنێویاندا فڕۆکەخانە سەرەکییەکان، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکە جەنگییەکان، ناوەندەکانی فەرماندەیی و دامەزراوە ستراتیژییەکانی دیکە کە بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە گرنگ بوون.
بەگوێرەی ئامارێکی وردی پڕۆژەی زانیاریی شوێن و رووداوەکانی ململانێی چەکداری (ACLED)، لە ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل زیاتر لە 600 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سووریا. واتا بە تێکڕا رۆژانە نزیکەی دوو هێرش.
زۆربەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە پارێزگاکانی باشووری سووریا، بەتایبەتی لە قونەیترە، دەرعا و دیمەشق چڕبوونەتەوە و نزیکەی 80٪ی هێرشەکان لەم ناوچانەدا بووە.
پارێزگای قونەیترە، هاوسنووری بەرزاییەکانی گۆلانە، بەهۆی نزیکیی جوگرافییەوە زۆرترین بەرکەوتنی هەبووە و لانیکەم 232 جار هێرشی کراوەتە سەر. دەرعا، وەکو دووەم پارێزگایە کە زۆرترین جار کراوەتە ئامانج و 167 هێرشی کراوەتە سەر، بە شێوەیەکی سەرەکی بنکە سەربازییەکانی رژێمی پێشوو و ئەو کاروانانەیان کردووەتە ئامانج کە گومانی گواستنەوەی چەکیان لێدەکرا.
هاوکات، پارێزگای دیمەشق، کە رێڕەوە سەربازییە سەرەکییەکان و ناوەندە لۆجستییە گرنگەکانی تێدایە، لانیکەم 77 جار کراوەتە ئامانج، لە کاتێکدا خودی شاری دیمەشقی پایتەخت، لانیکەم 20 جار رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی بووەتەوە.
بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سووریا؟
لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لەم ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندووە، بەڵام ئەم سیاسەتە نوێ نییە و ساڵانێکە هێرش دەکاتە سەر سووریا.
پێشتر، پاساوی سەرەکیی ئیسرائیل بۆ ئەم کردەوانە، لەناوبردنی دامەزراوە و بنکە سەربازییەکانی ئێران و گرووپە نزیکەکانی بوو. لەدوای کەوتنی حکومەتی ئەسەدەوە، ئیسرائیل بیانووەکانی فراوانتر کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەوڵدەدات رێگری لە گەیشتنی چەکی پێشکەوتوو بکات بگاتە دەستی "گرووپە تووندئاژۆکان".
تەنیا چوار رۆژ دوای کەوتنی ئەسەد، ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە باڵادەستیی تەواوی ئاسمانیی بەدەستهێناوە لە رێگەی وێرانکردنی زیاتر لە 80٪ی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی سووریا. ئامانجی راگەیێندراوی ئەم هەنگاوە ئەوە بوو کە رێگری لە دەوڵەتی نوێی سووریا بکات لە دروستکردنی هەر هەڕەشەیەکی سەربازیی جیددی لە داهاتوودا.
ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا، لەوکاتەوەی دوای رووخانی ئەسەد دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، لە چەندین بۆنەدا بەردەوام رایگەیاندووە کە حکومەتەکەی خوازیاری هیچ جۆرە ململانێیەک نییە لەگەڵ ئیسرائیل و جەختی کردووەتەوە کە رێگە نادات خاکی سووریا لەلایەن هیچ ئەکتەرێکی بیانییەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بەکاربهێندرێت.
ئیسرائیل لە ساڵی 1967 دەستی بەسەر بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی گۆلانی سووریا دا گرت و لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیشەوە چەندین جار چووەتە نێو خاکی سووریا.
رێککەوتنی سووریا و ئیسرائیل قۆناخی "باش"ی بڕیوە
سەرچاوەیەک لە حکومەتی سووریا راگەیاندووە: "داڕشتنی کۆتایی رێککەوتنەکە نزیکە لەوەی ئامادە بێت و لە قۆناخەکانی کۆتایی دایە. کاتێکی زۆری ناوێت تاوەکو بەرەو پێشتر بچێت و ئێستا رێککەوتنەکە لەسەر مێزی گفتوگۆیە".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "بەندگەلێکی ئامادە و نووسراو هەن و چاوەڕێی ئەمریکییەکان دەکەن بچنە ئیسرائیل و پێیان بڵێن: (ئەمە داڕشتنە کۆتاییەکەیە و دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین)، چەقبەستوویی ئێستاش لە لایەنی ئیسرائیلییەوەیە نەک لایەنی سووری".
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان گوشار دەکات بۆ پێشڕەویی لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا [سووریا و ئیسرائیل].
میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، داواکاریی سووریا بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچەی دابڕێنراو و جەبەل شێخ، هۆکار بووە بۆ رێگریکردن لە پێشڕەوییەکان لەو کاتەدا.
رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" ئەم بابەتەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولدا گەشبینییەک هەبووە بۆ ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتن، بەڵام راپۆرتێکی "رۆیتەرز"ی بیرهێنایەوە کە تێیدا هاتبوو پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا گەیشتوونەتە بنبەست، بەهۆی داواکاریی ئیسرائیل بۆ کردنەوەی "رێڕەوێکی مرۆیی" بەرەو پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا.
ئەو رۆژنامە ئیسرائیلییە راپۆرتێکی دیکەی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی بیرهێنایەوە، کە تێیدا هاتبوو ئیسرائیل لەو کاتەدا داوای ناوچەی دژەفڕین و ناوچەی چەکداماڵراوی لەسەر سنوورەکانی لە سووریا کردووە، بەبێ دانانی سنوور بۆ بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر خاکەکەی، ئەمەش لە بەرامبەر کشانەوەی ئیسرائیل بە چەند قۆناخێک لەو ناوچە دابڕێنراوەی کە دوای رووخانی بەشار ئەسەد دروستی کردبوو.
لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سوپای ئیسرائیل لە 9 قۆڵەوە چوونە نێو خاکی سووریا و بڵاوبوونەوە، دوو لەو ناوچانەی لێی مانەوە لە دیوی سووریای جەبەل شێخ بوو.
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدان تورکیا هەژموونێکی زۆری لەنێو خاکی سووریادا هەیە، بەڵام حکومەتەکەی وەکو هاوپەیمانی حکومەتی کاتیی سووریا دەردەکەوێت.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی: تۆم باراک وەکو باڵیۆزی تورکیا رەفتار دەکات
بەرپرسانی ئیسرائیل تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا تۆمەتبار دەکەن بەوەی لایەنگری تورکیا دەکات بەسەر ئیسرائیلدا، ئەمەش هەڕەشەی ئاڵۆزکردنی ئاگربەستی غەززە و گفتوگۆ ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکات.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی رۆژی سێشەممە بە "واللا نیوز"ی راگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، بەو شێوەیە دەڕوانێتە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، کە بە ئاشکرا دژایەتی ئیسرائیل دەکات و زۆر هاوتای بەرژەوەندییەکانی تورکیایە.
بەرپرسەکە گوتی: "باراک وەک باڵیۆزی تورکیا رەفتار دەکات و سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات"، ئەمەش رەنگدانەوەی بێزارییەکی قووڵە لەناو نووسینگەی سەرۆکوەزیران، تەنیا چەند هەفتەیەک بەر لە کۆبوونەوە گرنگەکەی 29ی کانوونی یەکەم لەنێوان نەتەنیاهوو و سەرۆک ترەمپ.
ئەم رەخنە دوای لێدوانەکانی هەفتەی رابردووی باراک دێت، کە تێیدا گومانی خستە سەر مۆدێلی دیموکراسیی ئیسرائیل و رایگەیاند، تەنیا "شانشینە رۆشنبیرەکان" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێننەوە.
باراک، کە کەسێکی نزیک و متمانەپێکراوی دێرینی ترەمپە و هاوکات وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کار دەکات، لە حوزەیرانی 2025 وەک نێردەی سووریا دەستنیشان کرا و سەرپەرشتیی هەوڵەکانی واشنتن دەکات بۆ نێوەندگیریی گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سووریا.
بەرپرسانی ئیسرائیل بەتایبەتی تووڕەن لە گوشاری بەردەوامی باراک بۆ بەشداریکردنی تورکیا لە هەر رێکخستنێکی ئەمنیی داهاتوو بۆ غەززە و باشووری سووریا. ئورشەلیم پێداگری دەکات کە بوونی سەربازی تورکیا لە هەر شوێنێک لە نزیک سنوورەکانی، هێڵێکی سوورە و جێی گفتوگۆ نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ