رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ بەریتانیا 18 درۆن و 3 مووشەکیان خستووەتە خوارەوە، حووسییەکان بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆگرت و وەزیری بەرگریی بەریتانیا هۆشداریدا و گوتی، "ئیدی بەسە، ئەو هێرشانە بوەستێنن."
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لەڕێگەی میدیای وڵاتەکەیەوە هۆشدارییەکی تووندی دایە حووسییەکانی یەمەن و گوتی، "ئیدی بەسە."
شاپس هەروەها گوتی، "هیچ گومانێکمان نییە کە تاران دەستی لەو هێرشانەدا هەیە و لە رێگەی هەواڵگری و دابینکردنی چەکەوە یارمەتیی حووسییەکان دەدات."
وەزیری بەرگریی بەریتانیا رووی قسەکانی لە گرووپە چەکدارەکەی یەمەن کرد و رایگەیاند، "دەبێت بووەستن. حووسییەکان دەبێت ئەمە [هێرشەکان] رابگرن."
لێدوانی شاپس دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "حووسییەکانی نزیک لە ئێران بە کۆمەڵێک درۆنی دروستکراوی ئێران و مووشەکی کرووزی دژە تانک، لە یەمەنەوە هێرشیانکردە سەر باشووری دەریای سوور."
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا بەیەکەوە 18 درۆن و سێ مووشەکی ئەو گرووپەیان خستووەتە خوارەوە "ئەمە گەورەترین هێرش بووە تائێستا حووسییەکان کردبێتیان."
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکە، حووسییەکان بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆگرت.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی یەمەن بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و چەندین مووشەکی بالیسی، مووشەکی دەریایی و درۆنیان ئاراستەی کەشتییەکی ئەمریکی کرد، کە یارمەتیی ئیسرائیلی دەدا."
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، حووسییەکانی یەمەن زیاتر لە 100 مووشەک و درۆنیان ئاراستەی چەند کەشتییەکی دەریای سوور کردووە.
رۆژی 19-11-2023، حووسییەکانی یەمەن یەکەم هێرشیان بۆ سەر کەشتییەک کرد بەناوی "گالاکسی لیدەر" و 25 کەسیان لەسەر کەشتییەکە رفاندن.
دوای مانگێک و لە 19-12-2023، ئەمریکا بە هاوبەشیی 20 وڵات هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور دژی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان راگەیاند.
هێرشەکانی ئەو گرووپە یەمەنییە بووە هۆی ئەوەی کە چەندین کۆمپانیا بڕیاربدەن گەشتی کەشتییەکانیان لەو دەریایە بووەستێنن. هەردوو کۆمپانیای مێرسکی دانیمارکی و هاپاگ لۆیدی ئەڵمانی لە 15-12-2023 بڵاویانکردەوە، "بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانمان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە."
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ