رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەوان هێرشیان نەکردووەتە سەر ئەو ئامبوڵانسەی لە شەقامی سەلاحەدین شەش کەسی تێدا کوژران. ئەمەش دوای ئەوەی مانگی سووری فەلەستینی، ئیسرائیلی بەو هێرشە تۆمەتبارکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان دەرکەوتووە، کە هێزەکانی ئێمە هێرشیان نەکردووەتە سەر ئامبوڵانسەکەی دێر بەلەح کە رۆژی چوارشەممە شەش کەسی تێدا کوژرا."
دوێنێ چوارشەممە، مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند، "ئامبوڵانسێک لەسەر رێگەی سەڵاحەدین لە نزیک دێر بەلەح لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەری و شەش کارمەندی تەندروستیی تێدا شەهید بوون."
بەگوێرەی چەند وێنەیەکی بڵاوکراوەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمبوڵانسەکە بە تەواوی تێکشکاوە.
جاگان چاپاگەین، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی خاچ و مانگی سوور لە ئێکس رایگەیاند، "کوژرانی ئەو کارمەندانە قبووڵنەکراوە و بە تووندی شەرمەزاری دەکەم."
ئەمڕۆ بە سەدان کەس لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو کارمەندانە بەشداربوون.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری ئابووری – ئۆچا دەڵێت، 131 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، 286 کارمەندی تەندروستی، 32 کارمەندی بەرگریی شارستانی و 81 میدیاکار کوژراون. هەروەها لە 36 نەخۆشخانەی نێو کەرتەکە تەنیا 18یان خزمەتگوزاری پێشکێش دەکەن؛ هەروەها لە نەخۆشخانەکاندا هەزار نەخۆش هەن کە گورچیلەیان لەکار کەوتووە؛ دوو هەزار نەخۆشی شێرپەنجە و 130 منداڵی نێو شووشە هەن.
جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل پێی ناوەتە مانگی چوارەمەوە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستی غەززە، لە غەززە لانیکەم 23 هەزار و 600 کەس کوژراون و لە ئیسرائیلیش، هەزار و 200 کەس.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەوەتەی هێرشی زەوینییان بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، 186 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ